رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی خەڵکی شاری سەقز لە کاتی مەلەوانی لە بەنداوی مهاباد خنکا و گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا بەردەوامە.
رووداوەکە رۆژی هەینی، 29-08-2025، روویداوە. سەید نەسیر مەحموودی، بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی مهاباد راگەیاند، باوک و کوڕێکی خەڵکی شاری سەقز بە مەبەستی مەلەوانی روویان لە بەنداوی مهاباد کردبوو و بەهۆی نەزانینی مەلەوانی کوڕەکە خنکاوە.
سەید نەسیر مەحموودی دەڵێت: "ئەو گەنجەی لە بەنداوی مهاباد دا خنکاوە ناوی کارۆ رۆستەم پوور، تەمەنی 20 ساڵ و خەڵکی شاری سەقز بوو لە پاریزگای سنە."
سەید نەسیر مەحموودی گوتی: "لە کاژێر سێی دوانیوەڕۆی دوێنی هەینی گەڕان بەدوای تەرمی کارۆ رۆستەم پوور بەردەوامە."
بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی مهاباد ئاماژەی بەوەشکرد: "سێ تیمی غەواسی میاندوا و بۆکان و مهاباد بەدوای تەرمی کارۆدا دەگەڕێن و جگە لە تیمی مەلەوانی و غەواس، کامێرای تایبەتی ژێرئاو بەکارهێنراوە، تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە."
سەید نەسیر مەحموودی گوتیشی: "تاکو کاتی دۆزینەوەی تەرمەکە گەڕانی تیمەکان بەردەوام دەبێت."
بەپێی ئامارێکی فەرمیی دادپزیشکیی ئێران، ساڵی رابردوو، هەزار و 26 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی خنکان لە ئاودا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ