بافڵ تاڵەبانی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق کۆبوونەوە: بۆ بەدواداچوونی رووداوەکەی لالەزارە

30-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیێندراوێکی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە دەباشان پێشوازی لە حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق کردووە و دۆخی ئەمنیی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە. سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراقیش بە رووداوی گوت، سەردانەکە بۆ بەدواداچوونی رووداوەکەی لالەزارە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرنگیی هاوئاهەنگی نێوان دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی دووپاتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "دابینکردنی ژیانێکی ئارام و پاراستنی هاووڵاتییان لە تیرۆر، ئەرکی لەپێشینەمانە و بە کاری هاوبەش دەتوانین باشتر رووبەڕووی مەترسییە ئەمنییەکان ببینەوە و دەرفەت لە تیرۆریستان بسێنینەوە."
 
نزیکەی کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، ژمارەیەک هێزی ئەمنی لە سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای نزیکەی چوار کاژێر رووبەڕووبووەنەوە، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکى بەرەى گەل و برایەکی دەستگیرکران.
 
رۆژی 25ـی ئەم مانگە، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق بە رووداوی گوت، "محەممەد شیاع سوودانی لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی باڵای ئەمنی بۆ بەدواداچوونی راستییەکان دەنێرێتە سلێمانی."
 
هەر ئەمڕۆ، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامانج لە سەردانەکەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق "بۆ بەدواداچوون بووە بۆ رووداوەکەی لالەزار و، شاندەکە لەلایەن سوودانییەوە نێردراوە."
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا راشیگەیاندووە، "پێویستە یاسا سەروەر بێت و هەرکەسێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، ئەگەر یاساشکێنی بکات و ژیان و سەقامگیریی هاووڵاتییان بخاتە مەترسییەوە، دەبێت رووبەڕووی یاسا بکرێتەوە."
 
لە کۆبوونەوەکە هەریەکە لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئامادە بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی

گەشت لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و فڕۆکەخانەی دووسڵدۆرفی ئەڵمانیا دەستی پێکردەوە

دوای زیاتر لە دوو و ساڵ و 7 مانگ لە وەستانی، گەشتی راستەوخۆی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و فڕۆکەخانەی دووسڵدۆرفی ئەڵمانیا دەستی پێکردەوە. بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی دەڵێ، هەفتانە یەک گەشت دەبێ، بەڵام هەوڵی زیادکردنی دەدەن.