دەستەی ژینگە: نیوەی موەلیدەکان کوژێندراونەتەوە، بەڵام بەشێکی پاڵاوگە نایاساییەکان کار دەکەن

30-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نزیکەی نیوەی موەلیدەکان کوژێندراونەتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر کوالێتیی هەوا هەبووە. ئاماژە بەوەش دەکات، هێشتا بەشێکی پاڵاوگە نایاساییەکانی هەولێر و دهۆک کار دەکەن. بەرپرسێک لە هەولێر دەڵێت، "ئەو پاڵاوگانەی ماون، ناچار کراون دووکەڵ و پاشماوەی پیسیان نەبێت."
 
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی کارەبای 24 کاژێرییەوە زیاتر لە 3000 موەلیدە لە هەرێمی کوردستان کوژێندراونەتەوە، کە نزیکە 50%ی کۆی موەلیدەکانە، ئەوەش کاریگەریی باشی لەسەر ژینگە و کوالێتیی هەوا دەبێت."
 
گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت، "کوژراندنەوەی موەلیدەکان کاریگەریی باشی لەسەر کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکانی هەوا هەیە، بەتایبەت گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، نایترۆجین و پی ئێمەکان کە پێیان دەگوترێت تەنۆلکە وردەکان و هەموویان رێژەیان کەم دەبێتەوە."
 
"بەشێکی پاڵاوگە نایاساییەکانی هەولێر و دهۆک کار دەکەن"
 
د. سەنعان عەبدوڵڵا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە پاڵاوگە نایاساییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "ئەوانەی لە هەولێر و دهۆک بێ پرسی ژینگە کار دەکەن و مۆڵەتیان نییە، ئێمە بە نایاساییان دەزانین و پێمان باشە وەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دراوە، دابخرێن."
 
بەگوێرەی بڕیارەکان، "دەبێت ئەو پاڵاوگانەی پیسکەری ژینگەن دابخرێن، ئەوانەشی نایاسایین و کارکردنیان بەردەوام دەبێ، پێویستە لەگەڵ رێنوێنییەکانی دەستەی ژینگە و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان خۆیان بگونجێنن."
 
گوتەبێژی دەستەی ژینگە گوتی، لە هەولێر لە 138 پاڵاوگە 85یان داخراون؛ گوتیشی، "ئەوانەی ماون، دەبێت خۆیان لەگەڵ رێنماییەکاندا بگونجێنن، بەپێچەوانەوە ئەوانیش دادەخرێن."
 
بەشێکی پاڵاوگە نایاساییەکانی هەولێر لە قوشتەپە کار دەکەن. ئەمڕۆ شەممە بەرپرسێکی ئاگادار لە ناوچەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەیەکی کەمی پاڵاوگەی نایاسایی ماون، بەڵام هەموویان ناچارکراون پابەندنی رێنماییەکانی حکومەت بن."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، "چاودێریی 24 کاژێری بۆ هەموو پاڵاوگە نایاساییەکان دانراوە، کە بە هیچ شێوەیەک نابێت دووکەڵی پیسیان هەبێت، پاشماوەی ئاوی پیس و تێزابیان هەبێت، بە پێچەوانەوە لێپێچینەوەی تووندیان لەگەڵ دەکرێت و دادەخرێن."
 
لە دهۆک 13 پاڵاوگەی نایاسایی هەبوون و ئەم ساڵ هەموویان داخران، بەڵام بە گوێرەی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، سەرەتای مانگی تەمموز بەشێکیان دەستیان بەکار کردووەتەوە. د. سەنعان عەبدوڵڵا دەڵێت، "چونکە هیچ پرسێک نەکراوە بە ژینگە، نازانین ئێستا چەندیان لەکاردان، بەڵام دەزانین دەستیان بە کار کردووەتەوە."
 
لەبارەی سلێمانیشەوە گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت، "لە سلێمانی پاڵاوگەی نایاسایی نییە، بەڵام گۆڕەپانی تێکەڵکردنی سووتەمەنی هەیە، ئەوێ ئەگەر لەژێر چاودێریدا بێت زیانی بۆ ژینگە نییە."
 
بەگوێرەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، هیچ پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە سنووری هەڵەبجە نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.