رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ پلەی گەرما لە پلەی تۆمارکراوی دوێنێ نزیک بوو. دوو کەشناسیش پێشبینی دەکەن، لە مانگی داهاتووەوە دابەزینی پلەی گەرما دەستپێبکات، بەڵام فێنکیی گشتی دەکەوێتە مانگی 10.
لە راگەیێندراوەکەدا کەشناسی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کەشوهەوای سبەی کردووە و رایگەیاندووە: "لە ئێوارەدا ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک هەیە بەهۆی چالاکبوونی خێرایی با. پلەی گەرماش نزیک دەبێتەوە لە ئەمڕۆ".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەند رۆژێکە پلەی گەرما نزیکەی چوار پلە دابەزیوە. کەشەکە بەم جۆرە دەبێ تاوەکو سێی ئەیلوول، دواتر بەشێوەیەکی کاتیی پلەی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە".
ئەو کەشناسە گوتی: "ئێستا لە شەواندا هەست بە فێنکی دەکرێ و شەوانی داهاتووش زیاتر فێنک دەبن؛ پلەی گەرما بە رۆژ بەرزیش بێتەوە بە شەوان هەر فێنک دەبێت".
بە گوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، "دوای ئەوەی لە 21ـی ئەیلوولەوە هەرێمی کوردستان پێ دەنێتە وەرزی پاییز، لە ناوچە کوێستانییەکان شەو و رۆژ هەست بە فێنکی دەکرێ و لە سەنتەری شارە گەورەکان و سنووری گەرمیان و کەرکووکیش لە سەرەتای مانگی 10دا بە تەواوی هەست بە فێنکی دەکرێ".
هەر ئەمڕۆ شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "پلەی گەرما بەرەو نزمبوونەوە دەڕوات و تێکڕای پلەی گەرمای رۆژانە لە مانگی 9 لە نزیک 40 بۆ خوار 40 پلەی سیلیزی دەبێ، بەڵام لە مانگی 10دا لە هەموو ناوچەکان بە تەواوی هەست بە فێنکی دەکرێت".
شاڵاو هیدایەت پێشبینی دەکات: "لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە شەپۆلی گەرمای بەتین و تاقەتپڕووکێن لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 42 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 42 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 40 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 43 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 41 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 43 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 41 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 31 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 44 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ