رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێکردنی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیدا، ناکۆکیی نێوان باڵەکانی حیزبەکە سەریهەڵدایەوە و باڵی کامیلی حاجی عەلی بایکۆتی کۆنگرەکەیان کرد. گوتەبێژی باڵەکەی دیکە دەڵێت، کۆنگرەکەیان بەگوێرەی یاسای کۆمیسیۆن دواخستووە و پەیوەندی بە ناڕەزایی و بایکۆتی باڵی بەرامبەرەوە نییە.
بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە، 30ـی ئەیلوولی 2023، کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە شاری سلێمانی ببەسترێت و تێیدا هەردوو باڵی ناکۆکی حیزبەکە بەشداری بکەن، کە ناکۆکییەکەیان لەسەر پۆستی رابەری گشتییە لەنێوان عیرفان عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی؛ ئەو دوو کەسەی ئێستا هەردووکیان خۆیان وەکو رابەری حیزبەکە دەبینن.
لەسەرەتای دەستپێکردنی کۆنگرەکەدا، باڵی کامیل حاجی عەلی هۆڵەکەیان جێهێشت و بایکۆتیان کرد. محەممەد بازیانی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە باڵی کامیلی حاجی عەلی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، باڵەکەی بەرامبەریان 100 ناویان زیادکردووە و لە پشکی ناوەکانی ئەوانیان کەمکردووەتەوە؛ بۆیە بایکۆتیان کردووە.
دوای بایکۆتکردنی کۆنگرەکە لەلایەن کامیلی حاجی عەلی و ئەندام و لایەنگرەکانییەوە، باڵەکەی دیکە کۆنگرەکەیان نەبەست و تۆمەتەکانی ئەوانیش رەتدەکەنەوە و دەڵێن پەیوەندیی بە یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە هەیە کە سەرپەرشتی کۆنگرەکان دەکات.
عەبدوڵڵا وەرتێ، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە باڵەکەی عیرفان عەبدولعەزیز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی یاسای کۆمیسیۆن کۆنگرەمان دواخست؛ دواخستن هیچ پەیوەندی بە ناڕەزایی هیچ کەس و لایەنێکی دیکەوە نەبووە و تەنیا رێکارەکانی کۆمیسیۆن وای خواستووە."
عەبدوڵڵا وەرتێ گوتی، "ئێمە لە رابردوودا مۆڵەتمان وەرنەگرتبوو بۆ بزووتنەوە، بۆیە ئەم کۆنگرەیە بەگوێرەی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ناونراوە کۆنگرەی دامەزراندن، بۆ دامەزراندنی کۆنگرەش یەکەم جار دەبێت 50 کۆی 1ـی ئەندامانی کۆنگرە ئامادەبن، کە کۆی ئەندامانیش بە 2 هەزار ئەندام دیاریکراوە."
عەبدوڵڵا وەرتێ گوتیشی، "هەندێک ئەنداممان پێشتر ناویان تۆمارکرابوو، بەڵام ئامادەنەبوون، هەندێکیان نەخۆشن، هەندێک لە دەرەوەن و هەیە کۆچی دواییکردووە، بەڵام بەگوێرەی یاسای کۆمیسیۆن دانیشتنی داهاتوو 250 ئەندامیش ئامادەبێت دەتوانین کۆنگرە ببەستین؛ دەبێت لەماوەی 10 رۆژی داهاتوودا کۆنگرەکە ببەسترێت."
دوای زیاتر لە ساڵێک لە کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان کەسایەتییەکانی حیزبەکەدا لەسەر پۆستی رابەری گشتی، بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆنگرەی حیزبەکە بەڕێوەبچێت و هەردوو باڵی ناکۆک بەشداریی کۆنگرەکە بکەن.
دوای کۆنگرەی پێشوو کە 5ـی شوباتی 2022 لەژێر ناوی کۆنگرەی 12 بەڕێوەچوو، ناکۆکی کەوتە نێوانی عیرفان عەبدولعەزیز و کامیلی حاجی عەلی و لە رێوڕەسمی جیادا هەردووکیان خۆیان وەکو رابەر ناساند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ