رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لەو هاونیشتمانییانەی لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017وە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، دەڵێن، "نزیکەی 8 ساڵە لە هەرێمی کوردستان ئاوارەن و تاوەکو ئێستا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هیچ قەرەبوویەکی نەکردوونەتەوە بۆئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان."
سامان کەریم، هاونیشتمانییەکی خەڵكی کەرکووکە، لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووە و لە شاری هەولێر نیشتەجێیە، بە رادیۆی رووداوی گوت، "دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ئاوارە بووین و ماڵ و حاڵی خۆمان بەجێهێشت، بەشی زۆری ئەوانەی ئاوارەبوون ماڵەکانیان رووخێندران و هیچیان نەما، بەڵام وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و حکومەتی عێراق هیچ هاوکارییەکی ئێمەی نەکرد بۆ گەڕانەوەمان."
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، "لە 8 ساڵی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی کردوون، بەڵام ئەرکی حکومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانە، چۆن بۆ ئاوارە نێوخۆییەکانی شەڕی داعش هاوکارییانی دەکرد، دەبوو بەو شێوەیەش هاوکاری ئێمە بکات، چونکە ئێمەش لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆچ و کۆچبەران خۆمان وەکو ئاوارەی نێوخۆیی تۆمار کردووە."
سامان لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە داواکارە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران قەرەبوویان بکاتەوە، بۆئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، چونکە بەشی زۆریان خانووەکانیان رووخێندراون و هیچیان نەماوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رادیۆی رووداوی گوت، "ئەوەندەی لە لیژنەی کۆچ و کۆچبەران بووم، لەلایەن ئەو هاونێشتمانییانەوە هیچ یاداشت و داواکارییەک پێشکێش بە ئێمە نەکرا، رەنگە لە رێگەی نوێنەرانی خۆیان لە پارێزگای کەرکووک و سەڵاحەدین داواکارییان پێشکێش کردبێت، بەڵام دەکرێت کاری لەسەر بکرێت."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ مانگە کێشەی مووچەمان هەیە، هەموو سەرنجی نوێنەران لە بەغدا زیاتر لەسەر گرفتی مووچە بووە، بەڵام دەکرێت لە خولی داهاتووی پەرلەمان و حکومەتی عێراق کار لەسەر قەرەبووکردنەوە و گەڕانەوەی ئەو هاونیشتمانییانە بکرێت بۆ زێدی خۆیان، چونکە ئەوە بەرەو هەڵبژاردن و حکومەتی نوێ دەچین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ