رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ، پلەی گەرما نزیکەی سێ پلە دادەبەزێت. کەشناسانیش پێشبینی جیاواز بۆ یەکەم بارانی وەرزی پاییز دەکەن و هاوبۆچوونن لەسەر ئەوەی، مەترسی وشکەساڵی نییە.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ خۆڵبارین لە باشووری کوردستان دەبێت و زۆرترین کاریگەری لەسەر سنووری کەرکووک و گەرمیان دەبێت.
زیاتر لە هەفتەیەکە وەرزی پاییز دەستیپێکردووە و تاوەکو ئەمڕۆ پێشبینیی روون بۆ بارانبارین نییە. محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مانگی داهاتوو شەپۆلی گشتگیری بارانبارین لە هەرێمی کوردستان نییە".
ئەو کەشناسە پێشبینیکرد، لە مانگی داهاتوودا شەپۆلی "لاوازی" بارانبارین لە هەرێمی کوردستان هەبێت، بەڵام سەنتەری پارێزگاکان نەگرێتەوە و تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان ببارێت.
د. لوقمان موفتی ، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "ساڵانە لە دوای نیوەی مانگی 10ـەوە ئەگەری بارانبارین لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، ئەم ساڵیش ئەگەری بارانبارین لە دوای 15ـی مانگی داهاتووەوە هەیە لە سەنتەری شارەکانیش، بەڵام بارانەکان لە شارەکان هاوکاتی یەک نابن و رێژەکەشی زۆر نابێت".
د. لوقمان موفتی گوتیشی: "گۆڕانی کەشوهەوا پێشبینیی درێژماوەی قورس کردووە، بەڵام واپێشبینی ناکرێت ئەم ساڵ مەترسیی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان هەبێت و بارانی بەهێز زیاتر لە کۆتایی پاییزەوە دەبارێ".
هەر لەبارەی کاتی بارانی پایزەوە، شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نێوەڕاستی مانگی 10 ئەگەری شەپۆلێکی بارانبارین هەیە کە نێو سەنتەری پارێزگاکانیش دەگرێتەوە، بەڵام بارانەکە لاواز دەبێت".
بەگوێرەی قسەی کەشناسان، ئەم ساڵ بارانی پەڵە و بەهێز دەکەوێتە کۆتایی وەرزی پاییزەوە لە مانگی 12دا، هاوکات پێشبینی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان ناکەن.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 31 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 31 پلەی سیلیزی
دهۆک: 31 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 32 پلەی سیلیزی
ئامێدی: 27 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 32 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 33 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 31 پلەی سیلیزی
سۆران: 30 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 22 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ