رێکخراوێک دەڵێت لە دادگەی سلێمانی هێرش کراوەتە سەر شاسوار عەبدولواحید و مافی مرۆڤ رەتیدەکاتەوە

30-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی هاوپەیمانیی 19 رایگەیاند، "بەهۆی رەخنەگرتنەوە تووندوتیژی بەرامبەر سەرۆكی جووڵانەی نەوەی نوێ لە دادگەی سلێمانیدا کراوە." بەرپرسێکی مافی مرۆڤیش دەڵێت، "گرژی روویداوە، بەڵام نە هێرش کراوە و نە کەسیش بریندار بووە."
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، هاوپەیمانییەکە داوا دەکات "خاچی سووری نێودەوڵەتی و كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بۆ هەواڵپرسینی تەندروستی و مامەڵەی خراپ لەگەڵیدا، بە زووترین كات سەردانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی نەوەی نوێ بکەن."
 
رێبوار ئەوڕەحمان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە هاوپەیمانییەکەی گوتووە، "لەكاتی راپێچكردنی سەرۆكی نەوەی نوێ بۆ دادگەی سلێمانی، هێزێكی چەكداری یەكێتی كە نزیكەی 50 كەس بوون، بە شێوازێكی نەشیاو مامەڵەیان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید كردووە و ئەشكەنجەیان داوە، بە شێوەیەك كەلەپچەی لەدەستكرابوو و بە كەلەپچەكە راكێشراوە و بەهۆیەوە بریندار بووە."
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێک لە دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تووندوتیژی رەتدەکەینەوە، وەکو هەر زیندانییەک کەلەپچە لە دەستی سەرۆکی نەوەی نوێ کراوە، بەڵام کە براوەتە لای دادوەر دەستی کراوەتەوە."
 
بەرپرسەکەی مافی مرۆڤ دەڵێت، "گرژی لەنێو دادگە روویداوە، گرژییەکەش تەنیا بە قسە بووە، بە هیچ شێوەیەکیش سەرۆکی نەوەی نوێ بریندار نەکراوە؛ بابەتەکە گەورە کراوە و بە سیاسی کراوە، بەتایبەت کە بەرەو هەڵبژاردنیش دەچین."
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێک لە چاکسازی گەورانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "دوای رووداوەکەی یەکشەممە، بۆ لێکۆڵینەوە شاندێکی دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان هاتنە چاکسازییەکەمان، بەڵام شاسوار عەبدولواحید خۆی رەتیکردەوە بیانبینێت."
 
رووداو پرسیاری هەبوونی گرژیی یان نەبوونی لە دادگەی سلێمانی گەیاندە بەرپرسانی دادگەکە، بەڵام ئامادەنین روونکردنەوە بدەن.
 
28ی ئەم مانگە، شاسوار عەبدولواحید لە زیندانی چاکسازیی گەورانی سلێمانییەوە برایەوە دادگەی سلێمانی بۆ دادگاییکردن لەسەر دۆسیەیەکی نوێ.
 
سەرۆکی نەوەی نوێ بە مادەی دووی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن برابووە دادگە.
 
لە مادەکەدا هاتووە، ئەوەی تۆمەتەکەی بەسەردا ساخبێتەوە، "سزادەدرێت بە حەپسکردن کەمتر نەبێت لە 6 مانگ و زیاتر نەبێت لە پێنج ساڵ و بە پێبژاردن کەمتر نەبێت لە یەک ملیۆن دینار و زیاترنەبێت لە پێنج ملیۆن دینار یان بە یەکێک لەم دوو سزایە".
 
شاسوار عەبدولواحید، یەکەم جار لە 12-08-2025 کاژێر 10:00ـی شەو لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا، لە دانیشتنی سێیەمی دادگەدا رۆژی 02ـی ئەیلوول مانگە بە پێنج مانگ بەندکردن سزادرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.