دوای زیاتر لە 10 ساڵ کۆچی پێچەوانە بۆ کفری دەستپێدەکاتەوە

30-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە کۆچکردن و جێهشتنی دانیشتووانی قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بە گوتەی سەرۆکی شارەوانییەکەی کۆچی پێچەوانە دەستیپێکردووە و "خەڵکێکی زۆر" دەگەڕێنەوە شارەکە.
عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانیی کفری ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا خەڵک پێچەوانەی جاران کە کۆچیان دەکرد دەگەڕێنەوە کفری، بە جۆرێک ئێستا خانوویەکی شیاوت بۆ کرێ دەستناکەوێت".
بەگوێرەی ئاماری شارەوانیی کفری، لە ساڵانی رابردوودا رۆژانە دوو بۆ سێ مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی لە شارەکە کراون و مانگانە نەگەیشووەتە 80 مامەڵەی کڕین و فرۆشتن.
سەرۆکی شارەوانیی کفری گوتی: "ئێستا لە کفری جووڵەی کڕین و فرۆشتنی زەوی بەگوێرەی دانیشتووانەکەی زۆر زیادی کردووە، بەشێوەیەکە رۆژانە 15مامەڵە یان زیاتری کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو دێتە شارەوانیمان".
کفری یەکێک لە کۆنترین قەزاکانی باشووری کوردستانە و بە "شاری وەزیران" ناسراوە. شارەکە جیا لەوەی زۆرینەی رەهای دانیشتووانی کوردن، تورکمان و بەشێک لە نەتەوەی عەرەبیش تێیدا دەژین.
سەرۆکی شارەوانی کفری گوتی: "چەند هۆکارێک هەن بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ کفری، یەکەمیان کردنەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکە؛ هەروەها چەند پڕۆژەیەکی کاریان تێدا دەکرێت و بڕیارە کارگەی جیاواز لە شارەکەمان بکرێنەوە، لەوانە کارگەیەکی دروستکردنی شووشە".
 
عەلی خورشید دەڵێت: "ئێستا عەلوەی نوێی کفری لە دروستکردندایە و داواشمان کردووە لە وەبەرهێنەران و سەرمایەداران زیاتر رووبکەنەوە کفری بۆ پڕۆژەکان، کە چەند ساڵێکە پڕۆژەی تێدا نەکراوە".
 
سەرۆکی شارەوانی کفری گوتیشی: "پڕۆژەکانی دیکەی حکومەتیش ئێستا لە کفری کاریان تێدا دەکرێت، لەوانە قیرتاوکردنی چەند شەقامێک، ئەمانە هەمووی هۆکارن خەڵکی زیاتر بگەڕێن
 
رووداو لە چەند ساڵی رابردوو چەند جارێک بە راپۆرت و بەرنامەی مەیدانی رووماڵی کۆچکردنی خەڵکی کفری کردووە، بە جۆرێک لە یەک گەڕەکدا ژمارەیەکی زۆر خانوو "بۆ فرۆشتن"ـی لەسەر دەنووسرا. سەرۆکی شارەوانیی شارەکە دەڵێت: "ئێستا ئەوە نەماوە وەکو ساڵانەی رابردوو زۆرینەی خەڵک لە دەرگاکەی بنووسێ بۆ فرۆشتن و کەسیش نەیکڕێ، ئێستا دۆخەکە تەواو پێچەوانەیە".
عەلی خورشید ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کورستان دا کە زەوی دابەش دەکرێت، ئاگادارکراونەتەوە ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی چوار هەزار پارچە زەوی بکەن. گوتیشی: "دابەشکردنی ئەو ژمارەیە لە زەوی دڵخۆشییە بۆ ئێمە، چونکە تاوەکو سنوورەکەمان فراوان بێت جووڵەی بازرگانی و ژیانی خەڵک باشتر دەبێت".
ژمارەی دانیشتووانی قەزای کفری ئێستا زیاتر لە 35 هەزار کەسە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.