لە ورمێ یاسای 'رێکخستنی کۆڵبەری' جێبەجێ دەکرێت و '62 هەزار کەس سوودمەند دەبن'

30-09-2025
سینا سۆما
یاسای کۆڵبەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە
یاسای کۆڵبەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای دوو ساڵ لە چاوەڕوانی و پەسندکردنی لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە، یاسای رێکخستنی بازرگانی لە سنوور کە زیاتر بە (یاسای رێکخستنی کۆڵبەری) ناسراوە، لە پارێزگای ورمێ دەستی بە جێبەجێکردن کرد.
 
ئەم یاسایە ئامانجییەتی شێوازێکی فەرمی و رێکخراو بۆ هاوردەکردنی کاڵا لە رێگەی سنوورەکانەوە دابین بکات، بە تایبەت بۆ دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان.
 
رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ، ئاماژەی بەوەدا کە یاساکە بۆ ماوەی پێنج ساڵە و ئامانجی سەرەکی، ئامادەکردنی ژێرخانە پێویستەکانە بۆ پەرەپێدانی بازرگانیی فەرمیی سنووری.
 
بە گوتەی پارێزگاری ورمێ "جێبەجێکردنی ئەم یاسایە هەوڵێکە بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ناوچەکە و باشترکردنی بژێوییان. بڕیارە بەم زووانە کەسایەتییەکی بەتوانا بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ قایمقامەکان و بەڕێوەبردنی دەروازە و بازاڕچە سنوورەکان دەستنیشان بکرێت بۆ گەشەپێدانی زیاتری بازرگانیی سنووری."
 
بەپێی یاسا نوێیەکە، لەو ناوچە سنوورییانەی حکومەت دەستنیشانی کردوون، کارتێکی تایبەت دەدرێتە سەرپەرشتی خێزانەکان.
 
ئەو کارتە رێگەیان پێدەدات 87 جۆری کاڵا بە شێوازێکی فەرمی هاوردە بکەن. بەرپرسانی ورمێ ئاشکرایان کردووە کە پشکی پارێزگاکە لە هاوردەکردنی کاڵا لە رێگەی ئەم یاسا نوێیە، 450 ملیۆن دۆلارە. شارەکانی سەردەشت، میراوە و پیرانشار وەک ناوەندەکانی جێبەجێکردنی ئەم شێوازە نوێیەی کۆڵبەری لە پارێزگاکە دەستنیشانکراون.
 
سەعادەت خێرخا، بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی و بازرگانیی ورمێ، روونی کردەوە: "بەپێی یاساکە لەو سێ شارەدا 62 هەزار سەرپەرشتی خێزان دەستنیشان کراون کە دەتوانن بە وەرگرتنی کارتی تایبەت بە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان و تۆمارکردنی ناویان لە سیستمی بازرگانیی سنووری سوود لەم دەرفەتە وەربگرن."
 
لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، بەپێی بەرپرسانی پارێزگای ورمێ، 160 هەزار تۆن کاڵا بە شێوازە نوێیەکە لە لایەن کۆڵبەرانەوە هاوردە کراوە. حکومەتی ئێران لە رێگەی جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە دەیەوێت کۆتایی بە کۆڵبەری بەو شێوازەی ئێستا بهێنێت کە قەدەخەکراوە و مەترسییەکی زۆری لەسەر ژیانی کۆڵبەران دروستکردووە.
 
هەروەها ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییە ئەمنییەکانی سەر سنووریشی هەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەسەر تەختە رەشێک نووسراوە "کورد، کوردی، کوردستان". وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی: زازاکی لە مەترسیدایە

رەمزیە ئاڵپارسلان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە باکووری کوردستان هۆشدارییەکی تووند لەبارەی زمانی کوردی لەو پارچەیەی کوردستان دەدات و دەڵێ: "تاوەکو زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان نەچێتە نێو سیستمی پەروەردەوە، رزگاری نابێت."