رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، ماوەی پێشکێشکردن لە رێگەی زانکۆلاینەوە بۆ 48 کاژێری دیکە درێژکرایەوە.
رۆژی سێشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2025، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا 49 هەزار و 808 دەرچووی پۆلی 12ـی ئامادەیی داواکارییان بۆ زانکۆلاین پێشکێش کردووە. بە مەبەستی پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچووان، ماوەکەی 48 کاژێری دیکە درێژکرایەوە."
بە گوتەی عەباس ئەکرەم، دوایین کات بۆ پێشکێشکردن کاژێر 12:00ـی شەوی رۆژی پێنجشەممە، 02-10-2025 دەبێت؛ گوتیشی: "ئەمە دوایین دەرفەتە و چی دیکە ماوەی زانکۆلاین درێژ ناکرێتەوە."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەم ساڵ 57,980 دەرچووی بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان هەن، لەوانە: 42,257 دەرچووی بەشی زانستی، 13,826 دەرچووی بەشی وێژەیی، 1,327 دەرچووی ئامادەیی پیشەیی و 570 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانن.
زانکۆلاین رۆژی 23ـی ئەیلوول کارا کرا. ئەم ساڵ دەرچووان دەتوانن لە 680 بەشی 16 زانکۆدا بە هەر سێ جۆری خوێندنی (زانکۆلاین، پارالێڵ و ئێواران) داواکاری پێشکێش بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ