رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەنێوان کەسوکاری یەکێک لە قوربانییەکانی رووداوی بەنزینخانەکەی هەولێر و کەسوکاری بکوژ کرا. نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ کە ئامادەی چارەسەری کێشەکە بوو، رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خێزانی کوژراوەکەی دیکەش بە 125 ملیۆن دینار کرا."
شەوی 06-08-2025، بەهۆی دەمەقاڵێیەک لەنێوان کارمەندێکی بەنزینخانەیەک، شۆفێرێک و سەرنشینی ئۆتۆمبێلێک لە هەولێر، سێ کەس کوژران؛ یەکێکیان کورد بوو و دووانیان عەرەب بوون.
رۆژی 30ـی ئەیلوولی 2025، هانی تەها، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر بۆ چارەسەری کێشەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سێ کەس لە کەسوکاری بکوژ و سەرۆک هۆز و پیاوماقووڵانی کورد لە بەغدا، دووەم ئاشتەوایی رووداوی بەنزینخانەکەی هەولێر کرا."
دوێنێ لەگەڵ خێزانی حەموودی ریاز، یەکێک لە کوژراوە عەرەبەکان، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بە 135 ملیۆن دینار کرا. هانی تەها گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ خێزانی عەبدوڵڵا عەدنان ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیمان بە 125 ملیۆن دینار کرد؛ هەروەها پارەی ئاشتەوایی دوێنێش بۆ 125 ملیۆن دینار کەمکرایەوە."
دوێنێ هانی تەها بە رووداوی گوت: "چارەسەری ئەم کێشانە بۆ لێخۆشبوون لە تاوانبار نییە، بەڵکو تاوانبار سزای یاسایی خۆی وەردەگرێ، بەڵکو تەنیا بۆ ئاشتکردنەوەی خێزانەکان و دروستنەبوونی کێشەیە لەنێوانیاندا."
رۆژی 11-08-2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە کەسوکاری کوژراوانی بەنزینخانەکەی هەولێر کرد و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رایگەیاند: "دڵنیامان کردوونەتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێکارە یاسایییەکاندا مافی کەسوکاری قوربانییان دەپارێزێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ