رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە نیوەی دەرچووانی پۆلی 12 لە سیستمی زانکۆلاین بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان خۆیان تۆمار کردووە. سەرچاوەیەک دەڵێت: "ئەمشەو کاتی تۆمارکردن درێژ دەکرێتەوە"، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر تۆماری قوتابییان کەم بێت درێژی دەکەنەوە.
ئەم ساڵ 57 هەزار و 980 قوتابی پۆلی 12 یان تەواو کرد. عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیاتر لە 35 هەزار قوتابی لە زانکۆلاین داوای وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان کردووە و سیستمەکە هێشتا کراوەیە".
سیستمی زانکۆلاین کە 23ـی ئەیلوول کرایەوە، بەگوێرە پلانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێت کاژێر 12:00ـی ئەمشەو سێشەممە دابخرێت.
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە ئەگەری زۆرەوە ئەمشەو پێش کۆتاییهاتنی وادەی راگیرانی زانکۆلاین کاتەکە بۆ چەند رۆژێکی دیکە درێژ دەکرێتەوە".
لەبارەی درێژکردنەوەی کاتی زانکۆلاین عەباس ئەکرەم دەڵێت: "وەزارەت لەسەر بنەمای داواکاریی قوتابیان بڕیاری درێژکردنەوە دەدات؛ ئەگەر ژمارەیەکی کەم پێشکێشی کردبێت لە بەرژەوەندیی قوتابییان کاتەکە درێژ دەکرێتەوە".
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ رووداو؛ ئەم ساڵ تەواوی دەرچووانی پۆلی 12ی بەشەکانی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و نێودەوڵەتییەکان) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان مافی خوێندیان دەبێت ئەگەر داواکاری پێشکێش بکەن.
ئەم ساڵ 42 هەزار و 257 دەرچووی بەشى زانستى، 13 هەزار و 826 دەرچووی بەشى وێژەیی، هەزار و 327 دەرچووى ئامادەیی پیشەیی و 570 دەرچووى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان هەن.
دەرچووانی ئەم ساڵ دەتوانن داواکاریی وەرگرتن پێشکەشی 680 بەش لە 16 زانکۆی حکومی بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ