رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە بەغدا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی 7ـی هەرێمی کوردستان کرد.
بەگوتەی سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی عێراق، نووسراو ئاراستەی بەشی خەرجکردن کراوە؛ ئەگەر ئەمڕۆ پێ رابگەن، بڕی پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی هەموو رێکارەکان تەواو بوون؛ بەیانیی ئەمڕۆ 120 ملیار دینار وەکو داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا نێردرا."
هەرچەندە هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانی دا و حکومەتی هەرێم 120 ملیار دیناری رادەست کرد، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەمڕۆ بڕیاری ناردنی مووچەی دا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو، هەوڵێکی زۆر دەدرێت ئەمڕۆ پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، بەڵام بەهۆی درەنگکەوتنی خەرجکردنەکە، ئەگەرێک هەیە بکەوێتە بەیانی.
لەبارەی مووچەی مانگی 8 و 9، هەڵکەوت عەزیز زانیویەتی، ئەگەر لە ماوەی 10 بۆ 15 رۆژی دیکە هەرێمی کوردستان تەرازووی پێداچوونەوە و 120 ملیار داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکات، ئەوا مووچەی مانگی 8 دەنێردرێت.
بەگوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار، دوو هۆکاری جیاواز هەن بۆ دواکەوتنەکە، ئەویش کێشەی نەختینە و دابەشکردنی مووچەی دامەزراوەکانی حکومەتی فیدراڵە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 01-09-2025 لیستی مووچەی مانگی 6ـی بڵاوکردەوە و لە سێ رۆژ دا دابەشکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ