رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیێنێت، ئەوان لەگەڵ هەموو لایەنەکان لەنێویاندا تورکیا ئامادەی دیالۆگن، هەروەها داواشی لە نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان کرد لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەنێویاندا پرسی بۆردوومانکردنی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە بە مەزڵوم کۆبانیش دەناسرێت، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشییەتید پرێسی ئەمریکی کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە جەخت لە چارەسەری دیبلۆماسی لەگەڵ تورکیا دەکاتەوە.
مەزڵوم عەبدی دەڵێت، "چەندین جار رامانگەیاندووە کە پەیوەست بە پرسی سووریا، لەگەڵ هەموو لایەنەکان ئامادەی دیالۆگین، لەسەرووی هەمووشیاندا دەوڵەتی تورکیا."
"هێرشەکەی ئەنقەرە تەنیا بیانووە"
مەزڵوم عەبدی باسی لە هێرشەکەی سەر دامەزراوەی پیشەسازی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە کرد و ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا هێرشەکە وەکو بیانوویەک بۆ ئۆپەراسیۆن لە سووریا بەکاردەهێنێت.
رۆژی 23-10-2024 دوو کەس بە چەکەوە هێرشیان کردە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە و لە ئەنجامدا پێنج کەس کوژران و 22 کەسی دیکەش بریندار بوون، دوای هێرشەکەش پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێرشەکەی لەئەستۆ گرت.
لەدوای ئەو هێرشە، تورکیا نزیکەی 50 شوێنی لە رۆژئاوای کوردستان و پێگەی پەکەکەی لە باشووری کوردستان بۆردوومان کردن. هەسەدە گیانلەدەستدانی 15 سڤیل و دوو شەڕڤان و یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەبەشە) گیانلەدەستدانی 6 شەڕڤانیان راگەیاندووە.
عەبدی لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای تورکیا دەڵێت: "شێوازی هێرشەکە و بەردەوامی هێرشەکە کە شەش رۆژە بەردەوامە، ئەوە دەردەخات کە هێرشەکە تەنیا وەڵامدانەوەیەک نییە. رووداوەکەی ئەنقەرە تەنیا بیانووە."
"پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەری ئەرێنی لەسەر پرسی کورد لە سووریا دەبێت"
لە 1ـی ئەم مانگەوە پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا، هەوڵی زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی یان پرۆسەیەکی نوێ دەدەن. فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات باسی لە هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرد و گوتی، پرۆسەی ئاشتی، "کاریگەری ئەرێنی لەسەر پرسی کورد لە سووریا دەبێت."
"گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی سووریا بێ ئەنجام بوون"
سەبارەت بە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا، مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوەدا، دیالۆگی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتەوە بەردەوامە.
مەزڵوم عەبدی گوتی: "ئێمە چەندین هەوڵمان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ رژێمی سووریا داوە، بەڵام تائێستا ئەنجامیان نەبووە."
بەگوتەی مەزڵوم عەبدی، خاڵی سەرەکیی ناکۆکییان لەگەڵ حکومەتی سووریا بریتییە لە دوودڵی حکومەتی سووریا لە داننان بە ئۆتۆنۆمی ئیداری و سەربازی هێزەکانی سووریای دیموکرات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ