رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک پڕۆژەی ئاسوودە سیتی لە رێگەی هەولێر بۆ کەرکووک، رووداوێکی هاتووچۆ روویدا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە نزیک کاژێر 12:00ـی شەوی چوارشەممە روویداوە. شایەتحاڵێک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و بارهەڵگرێک پێکیان دادا و هەردووکیان ئاگریان گرت و سەرنشینەکانی سووتان".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رووداوەکەدا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە".
رووداوەکە لەنێوان سێ ئۆتۆمبێلدا روویداوە، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت، بارهەڵگرێک و تانکەرێک بووە، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە دووانیان لە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە بوون و یەکێکیشیان شۆفێری بارهەڵگرەکە، شۆفێر و سەرنشینی تانکەرەکە سەلامەتن.
شایەتحاڵێکی دیکە بە رووداوی گوت: "ویستمان قوربانییەکان رزگار بکەین، بەڵام سەختیی رووداوەکە و گەورەیی ئاگرەکە رێگەی نەدەدا".
بەهۆی سەختیی رووداوەکەوە تەرمەکان تەواو سووتان و رەوانەی دادپزیشکیی هەولێر کران.
پۆلیسی هاتووچۆ پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
لە رووداوێکی هاوشێوەدا، بەرەبەیانی 28ـی ئەم مانگە لە نزیک نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، ئۆتۆمبێلێک تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو و بەهۆیەوە سێ گەنج گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ