دەزگای روانگە لە دهۆک 122 ملیۆن دینار دەداتە 37 کارسازی گەنج

30-10-2025
پەیمان محەممەد
حیکمەت محەممەد نووری، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی دەزگای روانگە
حیکمەت محەممەد نووری، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی دەزگای روانگە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای روانگە کۆتاییهاتنی پڕۆژەیەکی لە سنووری پارێزگای دهۆک راگەیاند، کە راهێنانی 607 گەنجی لەخۆگرتبوو. بەڕێوەبەری بەشی بەرنامەکان لە دەزگاکە دەڵێت، 122 ملیۆن دینار دەدرێتە 37 گەنج بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان و کارسازیی بچووک.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-10-2025، حیکمەت محەممەد نووری، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی دەزگای روانگە لە رێوڕەسمێکدا کۆتاییهاتنی چالاکییەکی دەزگاکەی لە سنووری سێ قەزای دهۆک، سێمێل و شێخانی سەر بە پارێزگاکە راگەیاند.
 
چالاکییەکە بە هاوکاریی یونیسێف (unicef) لە 01-01-2025 دەستیپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام بوو. وەک حیکمەت محەممەد نووری گوتی: ''بە گشتی هەزار و 400 گەنج تێیدا بەشدار بوون و دەزگای روانگە لەو چوارچێوەیەدا، بە گوژمەی 122 ملیۆن دینار هاوکاری دەبەخشێتە کۆمەڵێک پڕۆژەی کارسازیی بچووک."
 
لە رێوڕەسمەکەدا کامیران شڤان، بەڕێوەبەری بەشی بەرنامەکان لە دەزگای روانگە زیاتر چالاکییەکە روون دەکاتەوە و دەڵێت، سێ ناوەندی راهێنانمان لە قەزاکانی دهۆک، سێمێل و شێخان پێکهێنا و راهێنانی کارامەیی ژیان بە 607 گەنج کرا.''
 
بەگوتەی کامیران شڤان لەو 607 گەنجە، 54ـیان هەڵبژێردراونەتەوە و لەلایەن دەزگای روانگەوە کراونەتە راهێنەر و هەر کامەیان ئەرکی راهێنانی 10 بۆ 15 کەسیان پێ سپێردراوەتەوە. واتا بەگشتی راهێنان بە نزیکەی 800 کەسی دیکە کراوە.
 
بەڕێوەبەری بەشی بەرنامەکان لە دەزگای روانگە ئەوەشی خستەڕوو، لەو 607 کەسەی خۆیان راهێنانیان پێ کردبوون، لە رێگەی لیژنەیەکەوە بزنسی بچووک و پڕۆژەی 37 کەس هەڵبژێردراون و بەگشتی بە گوژمەی 122 ملیۆن دینار هاوکاریی دەستپێکردنی پڕۆژەکانیان کراوە.
 
کامیران شڤان گوتی: ''16 پڕۆژەی کارسازیی بچووک هەڵبژێردراون کە هەر کامەیان بۆ دەستپێکردنی بزنسەکەیان پێنج ملیۆن دیناریان پێ بەخشراوە، حەوت پڕۆژەی دەستپێشخەریی دیجیتاڵی و 14 پڕۆژەی دەستپێشخەریی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانیش هەبوون کە هەر کامەیان دوو ملیۆن دیناریان بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکەیان پێدراوە.''
 
دەزگای روانگە لەلایەن ئیدریس نێچیرڤان بارزانییەوە لە ساڵی 2013ـدا دامەزراوە و چالاکییەکانی گەشەپێدانی ئابووری، تواناسازیی گەنجان، پاراستنی ژینگە، کاری خێرخوازی و چەندین بواری دیکە لەخۆدەگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.