رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رژاندنی مادەیەکی زیانبەخش لەلایەن تانکەرێکەوە لە نزیک بەنداوی دووکان، مەترسیی پیسبوونی ئاوی بەنداوەکە هەیە. بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی دەڵێت، مادەکە جۆرێک رۆنی رەشی تێکەڵکراو بە تێزابە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-10-2025، سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دووکان لەبارەی ئەو مادەیەی کە چەند رۆژێکە لەلایەن تانکەرێکەوە لە نزیک بەنداوی دووکان رۆکراوە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''رۆنە رەشەکە رژاوەتە نێو یەکێک لە رێڕەوەکانی ئاو کە لە داهاتوودا ئاوی باران دەخاتەوە نێو بەنداوەکە.''
سیروان سەرحەد ئاماژەی بە مەترسیی مادەکە بۆ پیسبوونی ئاو کرد و گوتی، ''دەستبەجێ بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ فەرمانگەی ژینگە، پۆلیسی دارستان و ئاسایش رێکارە یاسایی و ژینگەپارێزییەکانمان گرتووەتەبەر.''
بەگوتەی قایمقامی دووکان، لە قۆناخی یەکەمدا خۆڵیان بەسەر رۆنەکەدا کردووە. گوتیشی: ''ئێستا لە قۆناخی هەڵگرتنەوەی خۆڵەکەداین، بۆ ئەوەی ئەو قیر و خۆڵەی کە تێکەڵاو بوون، بگوێزرێتەوە بۆ شوێنێکی گونجاو.''
سیروان سەرحەد سەبارەت بەو کەسەی کە مادەکەی لە نزیک بەنداوی دووکان رۆکردووە، دەڵێت: ''بەخۆشییەوە هاونیشتمانییەکی ژینگەپارێز وێنەی تانکەرەکەی گرتووە و دەستبەجێ رێکارە یاساییەکان بۆ دەستگیرکردنی گیراونەتەبەر، کە لە دەرەوەی سنووری قەزای دووکانە.''
هاوکات شایی ئاوات، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، لە چەند ناوچەیەکی دیکەش ئەم حاڵەتە روویداوە، بەڵام ئەوەی دووکان تەنیا چوار کیلۆمەتر لە بەنداوەکەوە دوورە و مەترسی بۆ سەر دانیشتووان هەیە.
بەگوتەی شایی ئاوات، بەپێی ئەو رێکارە ژینگەپارێزییانەی کە گیراونەتەبەر، خاوێنکردنەوەی ناوچەکە نزیکەی هەفتەیەک دەخایێنێت.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو مادەیە دەخاتەڕوو کە لە نزیک بەنداوی دووکان رۆکراوە و دەڵێت: ''مادەیەکی رۆنییە و تێکەڵ بە تێزاب کراوە کە پێشتر لە کارگەکان بەکارهێنراوە و ئێستا ئەوە پاشماوەکەیەتی، بەڵام کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە تێکەڵ بە ئاوی دووکان نەبێت.''
سیروان سەرحەد، دڵنیایی دەداتە دانیشتووان کە ''بەو رێکارانەی گیراونەتەبەر، ئاوی دووکان هیچ گرفتێکی بۆ دروست نابێ و بە خاوێنی دەمێنێتەوە.''
بەگوتەی کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان بۆ رووداو، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس و لە عێراقیش یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس بۆ ئاوی خواردنەوە سوود لە بەنداوی دووکان وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ