بەردی بناخەی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی لە هەولێر دانرا؛ 'بەناوی دۆستێکی کوردەوە دەکرێت'

30-10-2025
پەیمان محەممەد
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت، "ئامانجی پڕۆژەکە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵانی کوردستانە بە سیستمێکی نێودەوڵەتی بە زمانی ئینگلیزی، کە تێیدا بایەخێکی زۆر بە مێژووی کورد و کوردستان دەدرێت.''
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت، "ئامانجی پڕۆژەکە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵانی کوردستانە بە سیستمێکی نێودەوڵەتی بە زمانی ئینگلیزی، کە تێیدا بایەخێکی زۆر بە مێژووی کورد و کوردستان دەدرێت.''
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەردی بناخەی کۆمەڵگەی پەروەردەیی ''جۆیس بڵەو'' لە هەولێر دانرا. سەرۆکی ئینستیتیوتی کورد لە پاریس دەڵێت، ''جۆیس بڵەو، خاتوونی فەرەنسی، زیاتر لە 60 ساڵی تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردن بە زمان و کولتووری کوردی تەرخانکرد.'' 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-10-2025، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئینستیتیوتی کورد لە پاریس، بەردی بناخەی کۆمەڵگەی پەروەردەیی ''جۆیس بڵەو'' لە هەولێر دانرا.
 
لە رێوڕەسمەکەدا کەنداڵ نەزان گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''خاتوون جۆیس بڵەو کە کۆمەڵگە پەروەردەییەکەی بەناو دەکرێت، زیاتر لە 60 ساڵ خزمەتی بە زمان و کولتووری کورد کردووە.''
 
کەنداڵ نەزان گوتی:  ''جۆیس بڵەو لە ساڵی 1959 تاوەکو ساڵی 2024، خۆبەخشانە لە بواری ئەکادیمی، زمانەوانی و چالاکڤانییەوە، خزمەتی بە گەلی کورد کرد و دۆستێکی نزیکی گەلەکەمان بوو.''
 
جۆیس بڵەو ساڵی 1964 ماستەری لەسەر زمانی کوردی وەرگرتووە و ماستەرەکەی بەشێوەی نامیلکەیەک بەناوی پرسی کورد بە زمانی فەرەنسی چاپ و بڵاو کردووەتەوە. سەرۆکی ئینستیتیوتی کورد لە پاریس گوتی، ''کاتێک نامیلکەکەی بڵاوکردەوە، بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆککۆماری تورکیا، قەدەخەی لەسەر دانرا، بەڵام جۆیس دڵخۆش بوو و ئەوەی بە گەورەترین شانازیی خۆی دەزانی''.
 
بەردی بناخەی پڕۆژەکە لە یەکەم ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی جۆیس بڵەودا دادەنرێت. کەنداڵ نەزان گوتی، ''لەم دواییانەدا کاتێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، زۆر دڵخۆش بوو و دەیگوت بەو پێشکەوتنانەی کورد زۆر خۆشحاڵە.''
 
سەرپەرشتی  پڕۆژەکە د. بەختیار حوسێن قەڵادزەییە و لە رێوڕەسمەکەدا گوتی، ''ئامانجی پڕۆژەکە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵانی کوردستانە بە سیستمێکی نێودەوڵەتی بە زمانی ئینگلیزی، کە تێیدا بایەخێکی زۆر بە مێژووی کورد و کوردستان دەدرێت.''
 
24ـی تشرینی یەکەمی 2024، جۆیس بڵەو لە پاریس کۆچی دواییکرد. دوای گیانلەدەستدانی، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، ''پاڵپشت و دۆستێکی گەورەی گەلی کوردستان بوو، خزمەتێکی زۆری پێشکێشی زمان و ئەدەبی کوردی و ئینستیتیوتی کوردی کرد لە پاریس، حەقی لەسەر هەموومان هەیە''. 
 
بەختیار حوسێن دەڵێت، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی پاڵنەری سەرەکی بووە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە پەروەردەییەکە بە ناوی ئەو خاتوونە بکرێت.
 
جۆیس بڵەو، نووسەر، زمانناس  شارەزای زمان و ئەدەبی کوردی، ساڵی 1932 لە قاهیرە لەدایکبووە و لەلایەن کامەران بەدرخان، سیاسەتڤان، نووسەر و پارێزەری کورد، لە زانکۆی سۆربۆنی فەرەنسی فێری شێوەزاری کورمانجی کرا. دواتر خۆی فێری شێوەزاری سۆرانیش کرد و لە دەیەی 1970ـدا، چەند مانگێک لە باشووری کوردستان ژیاوە.
 
جۆیس بڵەو دکتۆرای زمانی کوردی لە زانکۆی سۆربۆن وەرگرتبوو و هەر لەوێ مامۆستای زمانی کوردیش بوو، تاوەکو کۆچی دواییکرد، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئینستیتیوتی کورد بوو لە پاریس.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.