رووداو دیجیتاڵ
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای ئیلام دەڵێت، جێگری پارێزگاری ئیلام بۆ کاروباری ئابووری لە کێشە و ناکۆکیی نێوان بازرگانان و کۆمپانیای کۆگەکانی گومرگی پارێزگاکەدا لایەنگری کۆمپانیاکە دەکات و دژی بازرگانان و ژووری بازرگانیی ئیلام وەستاوەتەوە، ئەوەش مەترسییە لەسەر کاری بازرگانی لە پارێزگاکە.
پەیوەندییە گشتییەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئیلام رۆژی پێنجشەممە 30-10-2025 بەیاننامەیەکی لەبارەی گرژییەکانی نێو کۆبوونەوەی گەشەپێدانی هەناردە و رێکخستنی کاروباری گومرگ بڵاوکردەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە باڵەخانەی پارێزگای ئیلام بەڕێوەچوو، بەهۆی قسەکانی عەباس میرزاد، جێگری پارێزگاری ئیلام بۆ کاروباری ئابووری، سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی ژووری بازرگانیی ئیلام بە نیشانەی ناڕەزایی کۆبوونەوەکەیان جێهێشت.
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئیلام دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا جێگری پارێزگار گومانی خستووەتە سەر پێگەی یاسایی ژووری بازرگانی و پشتگیری و لایەنگری لە کۆمپانیای کۆگەکانی گومرگی پارێزگای ئیلام کردووە.
ئەرکی ئەو کۆمپانیایە داگرتن و بارکردنی بارەکان لە گومرگ و هەروەها پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە لە بازنەکانی گومرگدا و ژووری بازرگانی و بازرگانانی ئیلام ئەو کۆمپانیایە تۆمەتبار دەکەن بە کەمتەرخەمی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی گواستنەوەی بار و کۆسپ خستنە بەردەم کاروباری بازرگانی و هەناردەکردن لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای ئیلام.
لە بەرامبەردا، کۆمپانیای کۆگەکانی گومرگی پارێزگای ئیلام تۆمەتی وەکو هەوڵدان بۆ گوشارخستنە سەر کۆمپانییەکە بە ئامانجی تاکەکەسی و هەوڵدان بۆ کاری نایاسایی دەداتە پاڵ بازرگانان.
لە بەیاننامەکەی ژووری بازرگانیی ئیلامدا هاتووە، کۆمپانیای کۆگەکانی گومرگ لە ساڵانی رابردوودا هیچکام لە بەڵێنەکانی خۆی بەرامبەر چالاکڤانانی ئابووری، بازرگان و هەناردەکاران جێبەجێ نەکردووە و کەمتەرخەمییەکانی ئەو کۆمپانیایە هەناردەکردنی تووشی کێشە کردووە.
ژووری بازرگانیی ئیلام دەڵێت، پشتگیری جێگری ئابووریی پارێزگاری ئیلام لەو کۆمپانیایە پێچەوانەی بەرژەوەندی گشتی و یاسای رەخساندنی دەرفەتی گونجاوە بۆ کاروباری بازرگانی و هەناردەکردن و داوا لە پارێزگاری ئیلام دەکات، دەستێوەردان لەو کێشەیەدا بکات و چارەسەری بکات. دەشڵێت، ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، هەڕەشەیەکی جدی دەبێ لەسەر داهاتووی هەناردەکردن لەو پارێزگایە.
ئیلام 420 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق و باشووری کوردستان هەیە و یەک دەروازەی فەرمی هەیە بۆ هاتووچۆی گەشتیار و ئاڵوگۆڕی بازرگانی. پارێزگاکە لەگەڵ پارێزگاکانی دیالە، میسان و واست هاوسنوورە و چالاکڤانانی ئابووری و بازرگانانی ئیلام چەند ساڵە داوا دەکەن، لە شاری ئەیوان دەروازەیەکی دیکە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی راستەوخۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ