رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای خەلیفان لە پارێزگای هەولێر، لەم وەرزەدا کە تاوەکو ئەمڕۆ باران نەباریوە، کانییەک تەقیوەتەوە. قایمقامی قەزاکە هۆکارەکەی روون دەکاتەوە.
کانی کرتۆک، دەکەوێتە ناحیەی سرێشمە لە قەزای خەلیفان لە سنووری پارێزگای هەولێر و لە دوێنی چوارشەممەوە تەقیوە و ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت.
مەغدید ئەحمەد، قایمقامی خەلیفان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ساڵانە لەم وەرزەدا کانییەکە تەقیوە، بەڵام ئەم ساڵ هیچ باران نەباریوە بۆیە تەقینی کانییەکە بەو شێوە بڵاوکراوەتەوە و خەڵک پێی سەرسامە".
لەبارەی هۆکارەکەوە قایمقامی خەلیفان گوتی: "لە هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ کار دەکرێت لە ماستەرپلانی گەشتیاری، ئەو ئاوەی لە گەلی بلە و خەلیفانەوە دەچێتەوە گەلی عەلی بەگ بەربەست کراوە و ئاوەکە پەنگی خواردووەتەوە، لە دوێنیوە کانییەکە تەقیوەتەوە، بۆیە ئەگەرەکان ئەوەن دەمارێکی ئەو ئاوەی پەنگی خواردبێتەوە چووبێتە سنووری کانییەکە و هۆکاری تەقینەکە بێت".
مەغدید ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووی زانستییەوە بۆیان روون نەبووەتەوە، بەڵام نزیکیی مەودای ئاوە بەربەستکراوەکە و کانییەکە، گومانەکان دەباتەوە سەر ئەوەی، لەم بێ بارانییەدا هەر ئەوە هۆکاری تەقینی کانییە بێت.
کانی کرتۆک یەکێک لە کۆنترین کانییەکانی سنووری خەلیفان و ساڵانە دوای بارانبارینی وەرزی پاییز دەبووژێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ