رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای چەمچەماڵ چالاکڤانێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دوو هەفتەیە دەستبەسەر کراوە. رێکخەری سەنتەری میترۆ داوا دەکات، چالاکڤانەکە بە کەفالەت ئازاد بکرێت. سەرچاوەیەکی ئەمنیش هۆکاری راگرتنی چالاکڤانەکە دەخاتەڕوو.
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چالاکڤان محەممەد قوربانی 15 رۆژە دەستبەسەر کراوە، بەبێ ئەوەی بزانین کێ سکاڵای کردووە و بۆ دەستگیرکراوە".
رێکخەری سەنتەری میترۆ گوتی: "محەممەد قوربانی چالاکڤانێکی چالاکە لە چەمچەماڵ، ناکرێت 15 رۆژ دیارنەبێ و هێزی ئەمنی نەڵێ بۆ دەستگیرمان کردووە و لای کام هێزە راگیراوە".
رەحمان غەریب ئاماژەی بەوەدا بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەکە کردووە، دەرکەوتووە چالاکڤانەکە بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیرکراوە، لەکاتێکدا پۆستەکانی فەیسبووکی ئەو چالاکڤانە هی ئەوە نین 15 رۆژ رابگیرێت.
بە گوتەی رێکخەری سەنتەری میترۆ، ئەو چالاکڤانەی چەمچەماڵ پێش دەستبەرکردنی ئەوانی ئاگادار کردووەتەوە کە گوشاری لەسەرە. گوتیشی: "داواکارین بە زووترین کات بە کەفالەت ئازاد بکرێت، ئەو مادەیەشی پێی دەستبەر کراوە کەفالەت دەیگرێتەوە".
ماڵباتی ئەو چالاکڤانە بە سەنتەری میترۆیان گوتووە، کوڕەکەیان خۆی چووە بۆ ئاسایش و لەوێ دەستبەسەر کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "محەممەد قوربانی بەهۆی کۆمەڵێک کێشەوە بانگی ئاسایش کراوە، لەوێ دادوەرێکی لێبووە و بووە بە کێشەیان، هۆکاری سەرەکیی راگرتنەکە ئەوەیە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کەسەی دەستبەسەرکراوە لەسەر سکاڵای ئاسایش چووەتە ئاسایشی چەمچەماڵ و لەوێ "دەنگەدەنگی کردووە و بووە بەهۆکاری راگرتنەکەی".
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت، بەگوێرەی ئەوەی پۆلیس محەممەد قوربانییان دەستگیر نەکردووە، ئاگاداری دۆسیەکەی نین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ