ورمێ شەشەم پیسترین هەوای لەسەر ئاستی ئێران هەیە

30-11-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پیسبوونی هەوا بووەتە هۆی داخرانی قوتابخانەکان و دامەزراوە حکومییەکانی بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. بەگوێرەی پێنوێنیی کواڵیتیی هەوا، شاری ورمێ لەسەر ئاستی ئێران شەشەم پیسترین هەوای هەیە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2025، لە چەندین شاری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی پیسبوونی هەواوە خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکان کرایە ئۆنلاین و کارکردنی دامەزراوە حکومییەکانیش بە شێوەی ئۆنلاین راگەیێندرا.
 
لە پارێزگاکانی خوزستان، تاران، ئیسفەهان، مەشهەد، ئەلبورز و تەورێزی ئێرانیش هۆشداری دراوە و قوتابخانەکان، زانکۆکان و دامەزراوە حکومییەکان داخراون.
 
هاوکات کەشناسیی ئێران پێنوێنییەکی بۆ کواڵیتیی هەوای شارەکان بڵاوکردەوە کە بەگوێرەی پێنوێنییەکە، کواڵیتیی هەوای بەشێک لە شارەکان تاوەکو کاژێر 06:00ی بەیانیی ئەمڕۆ، بۆ سەرجەم چین و توێژەکان بەتایبەت منداڵان و بەساڵاچووان ''مەترسیدار'' یان ''زۆر مەترسیدار'' بووە.
 
وەک پێنوێنییەکە دیاری کردووە، لە 24 کاژێری رابردوودا شارەکانی ئەهواز، ئیسفەهان و تاران سێ پیسترین شارەکانی ئێران بوون کە دۆخی ناتەندروست و ''زۆر مەترسیدار'' (سوور)ـیان تێدا راگەیێنراوە و پێنوێنیی کواڵیتیی هەواکەیان گەیشتووەتە 193، 159 و 158 پلە. ئەوەش مەترسی دەخاتە سەر تەندروستیی منداڵان، بەساڵاچوون و سەرجەم چین و توێژەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگە.
 
لەدوای ئەو سێ شارە، شارەکانی کەرەج بە پێنوێنیی کواڵیتیی هەوای 144 پلە، مەشهەد بە 137پلە و ورمێ بە پێنوێنیی کواڵیتیی هەوای 134پلە، چوارەم، پێنجەم و شەشەم پیسترین هەوایان هەیە و دۆخی مەترسیدار (پرتەقاڵی)ـیان تێدا راگەیێنراوە.
 
ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی پارێزگای ورمێ هۆشداری داوە، لە شارەکانی ورمێ، مهاباد، نەغەدە، پیرانشار، خۆی، میاندواو و بۆکان، ژنانی دووگیان، منداڵان، بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، بۆ کاری ناپێویست نەچنە دەرەوە.
 
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران کە سەرەتای ئەم مانگە بڵاوکرایەوە، پار 58 هەزار و 975 کەس لەو وڵاتە بەهۆی پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانی لە شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات و دەڵێت، "بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان".