رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەگەر لایەنە کوردییەکان بە پەرتەوازەیی بچنە بەغدا، بەشێكی بەرکەوتەکانی کورد لەدەست دەدەن و زیان بە پێگەی کورد دەگات، هاوکات پێشنیاز دەکات پرسی مووچە بکرێتە مەرجی "نیەتپاکی" بۆ دانوستاندنەکان.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، وردەکاریی قۆناخی داهاتووی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و پەیوەندیی نێوان لایەنەکان و پرسی مووچەی خستەڕوو.
"پێویستە کورد بە یەک تیم بچێتە بەغدا"
شاخەوان عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە کورد بە یەک بەرە بچێتە نێو گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتەوە. بە گوتەی ئەو: "ئەگەر یەکێتی بە تەنیا بڕوات و پارتیش بە تەنیا، بەرکەوتەی نزیکەی 10 بۆ 15 کورسی دەفەوتێت، کە ئەمەش بەهای وەزارەتێک یان زیاترە".
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاشکرای کرد، دەستپێشخەرییەکی سەرۆک بارزانی بۆ یەکدەنگی کورد هەیە و هیوای خواست هەموو لایەنەکان بەدەنگییەوە بچن.
وەرگرتنی شەش وەزارەت بۆ کورد
سەبارەت بە پشکی کورد لە کابینەی داهاتوو، شاخەوان عەبدوڵڵا روونیکردەوە، باشترە کورد سەرەتا داوای تەواوی بەرکەوتەی خۆی بکات وەک "پێکهاتە" نەک وەک حیزب.
ئەو گوتی: "لە سەردەمی کابینەی عەبادی کورد توانی 6 وەزارەت وەربگرێت، بەڵام دواتر بەهۆی بەشدارینەکردنی هەموو لایەنەکان کەمبووەوە بۆ 4 وەزارەت. بۆیە دەکرێت کورد هەموو پۆستەکان وەربگرێت و دواتر لەنێو خۆیدا دابەشی بکات".
مووچە بکرێتە مەرجی دانوستاندن
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی پێشنیازێکی نوێی خستەڕوو بۆ تێکەڵکردنی پرسی مووچە بە دانوستاندنە سیاسییەکان. شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "گفتوگۆکان لە کاتێکدان کە مووچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مەترسی لەسەرە. دەکرێت وەک نیەتپاکییەک داوا لە لایەنی عێراقی بکرێت مووچەکان بنێرن تاوەکو هاوکێشەکە راست دەبێتەوە".
"تەیف سامی سیاسی نییە و یاساش پێشێل دەکات"
شاخەوان عەبدوڵڵا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی بە کەسێکی "ناسیاسی" وەسف کرد و دەڵێت: "تەنیا بۆ بەڕێوەبەر گونجاوە نەک وەزیر. تەیف سامی 50 ملیار دیناری لە بودجەی مادەی 140 بۆ پارێزگای بەسڕە خەرجکردووە، لەکاتێکدا کەرکووک و خانەقین پێویستیان بەو پارەیە بووە بۆ قەرەبوو". گوتیشی: "پێشبینی ناکەم تەیف سامی ببێتەوە بە وەزیر، چونکە جگە لە کورد، لایەنەکانی دیکەش لێی نیگەرانن".
"حەلبووسی هەڵەی گەورەی کرد و بە تەنیا جێهێڵدرا"
دەربارەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و سەرۆکی تەقەددوم، شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا "نەفەسێکی شۆڤێنی" بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکارهێناوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "حەلبووسی ویستی کەلێن لەنێوان پارتی و لایەنەکانی دیکە دروست بکات، بەڵام قسەکانی زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتر بوون و دواجار شیعەکان و کوردیش بە تەنیا جێیانهێشت".
سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی حەلبووسی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "حەلبووسی داوای پۆستەکەی کردووەتەوە، بەڵام ئەو بە تۆمەتی ساختەکاری لە پەرلەمان دوورخراوەتەوە، ئەگەر من لە شوێنی ئەو بوومایە داوام نەدەکردەوە".
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و حەلبووسی رایگەیاند: "ئەوە بڕیاری سەرۆک بارزانی پێویستە".
15 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە
شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لە وادەی دەستپێکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق کرد و پێشبینی دەکات تاوەکو رۆژی پێنجشەممە دادگای فیدراڵی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەسند بکات.
گوتیشی: "دوای پەسەندکردنی ناوەکان، بەپێی مادەی 72ی دەستوور، تەنیا 15 رۆژمان لەبەردەمدایە بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، بۆیە دەبێت لایەنەکان پەلە بکەن لە رێککەوتن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ