دەستەی مافی مرۆڤ لەبارەی رووداوەکەی رێگەی گوێڕ: بەڵگەکان کۆکراونەتەوە بۆ دۆزینەوەی تەقەکەرەکان

30-11-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی سەر رێگەی گوێڕ لە سنووری پارێزگای هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەدواداچوونێکی مەیدانییان بۆ رووداوەکە کردووە. دەستەکە دەڵێت: "پێویستە تەقەکەران و تۆمەتباران بەزوویی بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا."
 
دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێ لەگەڵ پارێزگار و ئاسایشی هەولێر گفتوگۆیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە  بەڵگە کۆکراونەتەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە .
 
هەر ئەمڕۆ لە کەرکووک بەهائەدین ئەحمەد بەرزنجی باوکی گەنجە کوژراوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا گوتی کوڕەکەی (عیرفان بەرزنجی) شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگربووە کە چەو و لمی لەنێوان کەرکووک و هەولێر دەگوازتەوە، لەکاتی ئاڵۆزیی و تەقەکردن دا گەیشتووەتە ئەوێ و ویستوویەتی رابکات و لەوکاتەدا فیشەک بەر سەری کەوتووە. هەروەها گوتی کوڕەکەی دوو ساڵە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و کرێچییە و دوو مانگ بوو ببووە باوکی منداڵێک. باوکی عیرفان داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە خوێنی کوڕەکەی بە هەدەر نەڕوات و تەقەکەران بدرێنە دادگا . 
 
رۆژی یەکشەممە 30-11-2025 دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی دوێنیی گوندی لاجان لەسەر رێگەی گوێڕ بڵاوکردەوە و رایگەیاند دوای ئەوەی ژمارەیەک لە خەڵک گردبوونەوە و رێگەیان گرت، ئەوە تووندوتیژی لێکەوتەوە و بەوهۆیەوە گەنجێک کوژرا و ژمارەیەک کەسی دیکە لە خەڵک و پاسەوانان بریندار بوون.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، بە فەرمانی سەرۆکی دەستە، تیمێکی تایبەت بە سەرۆکایەتیی تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ، سەردانی شوێنی رووداوەکەیان کردووە و لەگەڵ خەڵکی مەدەنی قسەیان کردووە. هەروەها دەستەکەیان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر گفتوگۆیان کردووە، لەو بارەیەوە دەڵێن: "بۆمان دەرکەوت لێکۆڵینەوە بەردەوامە و بەڵگەکان کۆکراونەتەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە."
 
بەپێی زانیارییەکانی دەستەکە، لایەنە ئەمنییەکان جەختیان کردووەتەوە کە "هەرکەسێک تەقەی کردبێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".
 
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە راگەیێندراوەکەیان دا دەڵێن "سەرکۆنەی هەر جۆرە تووندوتیژییەک دەکات کە ببێتە هۆی بەکارهێنانی چەک و کوشتنی لێبکەوێتەوە " و رایدەگەیێنێت پشتیوانی لە گردبوونەوەکان دەکات ، بەڵام " بە رێکاری یاسایی و دوور لە تووندوتیژی " .  پشتگیری لە داواکاریی هاونیشتمانییان و گردبوونەوەی مەدەنی دەکەن، "بەڵام دوور لە تووندوتیژی."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دڵنیاتان دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی ئەم کەیسە و دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان." 
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان شەوی رابردوو لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند " ماوەیەکە لەلایەن چەند دەستێکی دەرەکی و بە فیتی هەندێک کەس و لایەنی ناوخۆیی، هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدرێت. نوێترین هەوڵی تێکدەرانە بە ئامانجگرتنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستی پێکرد کە مەبەست لێی راگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان بووە. دوای ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان سووتەمەنیی شلی وەک جێگرەوەی غاز بۆ دابینکردنی کارەبا بەکارهێنا، بە هاندانی ناوخۆیی و دەرەکی، کۆمەڵە کەسێکی ئاژاوەگێڕ رێگەی تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و هاووڵاتیانیان لە سنووری گوێڕ گرت و تەقەیان بەسەر خەڵک و رێبوارانی ئەو رێگەیەدا کرد، لە ئەنجامی تەقەی ئەو کەسانەدا هاووڵاتییەک بووە قوربانی و گیانی لەدەست دا و ژمارەیەک کەسی دیکەش برینداربوون".
 
هەروەها وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ " بەپێی یاسا بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ کەسانی ئاژاوەگێڕ دەکرێت و کەس لە سەرووی یاسا نییە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.