بەرگریی عێراق بۆ رووداو: دەبێت لەگەڵ هەولێر پلانی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان دابنرێت

30-11-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگری و بەرپرسانی باڵای سەربازیی عێراق لە رێگەی رووداوەوە جەخت دەکەنەوە، پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە سەروەریی عێراق و لە کاتی کڕینی هەر سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیدا، دەبێت بە هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو حکومەت، پلانی پاراستنی شوێنە گرنگەکان دابنرێت، بۆ ئەوەی رووداوی هاوشێوەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دووبارە نەبنەوە.
 
لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "دیاریکردنی شوێنی دانانی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و وردەکارییەکەی، پێویستی بە گفتوگۆ و رێککەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵە."
 
خەفاجی باسی لەوە کرد، جگە لە گرێبەستە 2.8 ملیار دۆلارییەکەی لە ئەیلوولی 2024 لەگەڵ کۆریای باشووردا واژۆکرا، گرێبەستی کڕینی چەندین راداریشیان لەگەڵ فەرەنسا واژۆ کردووە، کە بەشێکیان گەیشتوونەتە عێراق و بەشەکەی دیکەشی ساڵی داهاتوو دەگەن.
 
لە دوای هێرشەکەی چوارشەممەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، کە بە گوتەی بەرپرسان بووە هۆی پچڕانی 80% کارەبای هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی عێراق کرد مۆڵەتی پێ بدات بۆ ئەوەی بتوانێت سیستمی بەرگری بکڕێت و ژێرخانی گرنگی پێ بپارێزێت. 
 
هەر لەو بارەیەوە، د. قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "چەکی بەرگریی ئاسمانی چەکێکی سەروەری و گرنگە؛ پێویستە سەرانسەری ئاسمانی عێراق و شوێنە گرنگەکان بپارێزێت، چ لە هەرێمی کوردستان بێت یان ناوچەکانی دیکەی عێراق."
 
د. محەممەداوی گوتی، لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە و شوێنی گرنگیی ئابووری، وزە، فڕۆکەخانە و باڵەخانەی حکومی و ئەمنیی گرنگ هەن کە دەبێت بپارێزرێن، بۆیە "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، ئێستا و لەکاتی گەیشتنی سیستمە بەرگرییەکانیشدا، پلان بۆ چۆنیەتی پاراستنی ئەو دامەزراوانە دابنێن."
 
ئەو سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەی عێراق لە کۆریای باشووری دەکڕێت ناوی (KM-SAM)ـە و بە (M-SAM)ـیش دەناسرێت. سیستمەکە مەودا مامناوەندە و رادارێکی بەهێزی لەسەر جێگیر کراوە کە لە دروستکردنیدا سوود لە تەکنەلۆژیای (S-400)ـی رووسی وەرگیراوە. توانای پێکانی ئامانجی لە دووریی 50 کیلۆمەتر هەیە.
 
کڕینی ئەم سیستمە لە چوارچێوەی گرێبەستێکی 2.8 ملیار دۆلارییە لەگەڵ کۆمپانیای (LIG Nex1)ـی کۆری. سابت محەممەد عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە ئەیلوولی ئەم ساڵ بە رووداوی راگەیاندبوو: "سەرەتای ساڵی داهاتوو کۆمەڵەی یەکەم کە لە 8 سیستم پێکهاتووە، دەگاتە دەستمان."
 
ئایا سیستمەکە هەرێمی کوردستان دەپارێزێت؟
 
فەریق شەهاب زەنگەنە، فەرماندەی پێشووی هێزی ئاسمانیی عێراق بە رووداوی گوت: "بەپێی توانای سیستمە کۆرییەکە و ئەو نەخشەیەی بۆ بەرگریی ئاسمانیی عێراق دانراوە، ئاسمانی هەرێمی کوردستانیش بەو سیستمە دەپارێزرێت."
 
بە بڕوای فەرماندەکەی پێشووی هێزی ئاسمانی، ئەگەر بەشێک لە سیستمەکە لە موسڵ و کەرکووک جێگیر بکرێت، "تا رادەیەکی زۆر" ئاسمانی هەرێمی کوردستان دادەپۆشێت. بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە "عێراق زیاتر چاوی لەسەر بەشی رۆژئاوای وڵاتە، چونکە زۆرجار لەوێوە ئاسمانی عێراق بەزێنراوە، بەتایبەتی لەکاتی شەڕی ئیسرائیل و ئێران."
 
بەڵام دوو پسپۆڕی ئەمنی و بەرگریی ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاندبوو، کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە سیستمی بەرگریی دژە درۆنە، نەک دژە مووشەک و فڕۆکە. 
 
کێن شۆکڵی، پسپۆڕی ئەمنی گوتی، هێرشەکەی سەر کۆرمۆر، "بە ئەگەری هەرە زۆرەوە" لە رێگەی درۆنی بچووک یان قەبارە مامناوەندەوە بووە. 
 
لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە رۆژی هەینی نوێنەر فاتیح پێشكێشی کرد، شۆکلی گوتی: "ئەمانە درۆنی گەورە و دوورمەودا نین. مەودایەکی سنووردار دەبڕن. ئەمەش بە واتەی ئەوە دێت، ئەو گرووپانەی هێرشەکەیان کردووە، لە شوێنەکەوە نزیک بوون."
 
شۆکلی هەروەها گوتی، بەکارهێنانی سیستمی بەرگریی گەورەی مووشەکی لە دژی ئەم درۆنانە، "وەک ئەوە وایە گوللـەتۆپێک بە چۆڵەکەیەکەوە بنێیت."
 
هەروەها باری دۆنادیۆ، بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی ئەمریکا لە هەمان بەرنامەدا بە رووداوی گوت، هێرشەکەی سەر کۆرمۆر "شوێنپەنجەی" ئەو گرووپە چەکدارانەی پێوەیە کە پێشتر هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان.  
 
ئەو پێیوایە کە ئەمریکا دەتوانێت هەمان ئەو جۆرە سیستمە بەرگریانە بە هەرێمی کوردستان بدات، کە بۆ ئۆکراینا ناردوونی. بەڵام جەختیکردەوە کە ئیدارەی ترەمپ لەسەر ئەرکی خۆی ئەو کارە ناکات، بەڵکو دەبێت "هاوبەشە هەرێمییەکان و پیشەسازییە تایبەتەکان" تێچووەکەی لە ئەستۆ بگرن. 
 
لە دوای هێرشەکەی سەر کۆرمۆر، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، "ئێمە ئامادەین پشتیوانی لە هەوڵەکانی پاراستنی ئەم ژێرخانە گرنگە بکەین و بە بەردەوامی جەخت لەسەر گرنگیی سەپاندنی سەروەری عێراق دەکەینەوە لە بەرامبەر هەوڵەکانی تێکدانی، دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەموو چەکەکان، بەتایبەتی درۆن و مووشەک و رۆکێتەکان، دەخرێنە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.