رووداو دیجیتاڵ
کەرکووک 16 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای هەیە، کورد حەوتی بەدەستهێناوە، عەرەب شەش، تورکمان دوو و کریستیانیش خاوەنی کورسییەکن، بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی و دانانی پارێزگار کورد پێویستی بە هاوپەیمانییە؛ لایەنەکانی عەرەب و تورکمان پێکەوە دەتوانن پارێزگار دابنێن و کورد بکەنە دەرەوەی گۆڕەپانەکە، بەو مەرجەی ئەندامەکەی کریستیان پشتیوانییان بکات، بەڵام بەربژێرێکی سەرکەوتوو دەڵێت، کریستیانەکە "پشتیوانی کوردە".
ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رۆژی 28ـی ئەم مانگە بە فەرمی راگەیێندرا، لە کەرکووک کە دوای 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنەی تێداکرا، وەکو پێکهاتە کورد زۆرترین کورسی بردەوە کە 7 کورسییە؛ دوای ئەوان عەرەب پاشان و تورکمان. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ بۆ دانانی پارێزگارێکی نوێ لە کەرکووک گفتوگۆ لەنێوان لایەنە براوەکاندا نەکراوە.
کێ دەتوانێت پارێزگار بۆ کەرکووک دابنێت؟
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردن و دیاربوونی کورسییەکان، بۆ دانانی پارێزگار دەبێت هاوپەیمانیی لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووکدا بکرێت، دەشکرێت لە سێ پێکهاتەی سەرەکیی پارێزگاکە دووانیان پێکەوە بتوانن حکومەتی خۆجێیی پێکبهێنن و پارێزگار دیاری بکەن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هەموو لایەنەکان باس لە پێکهێنانی هاوپەیمانی دەکەنەوە نەوەکو بەلاخستنی پێکهاتەیەک.
نیوە + 1
بۆ دانانی پارێزگار و دروستکردنی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک لە 16 کورسی نیوە +1ـی پێویستە، واتا نۆ کورسی؛ لە نەتەوەی کورد 7 کورسی مسۆگەر کراوە، کە پێنجی یەکێتی و دووانی پارتین، بۆ دانانی پارێزگار کورد پێویستی بە دوو دەنگی دیکەیە، بەربژێرە سەرکەوتووەکەی کریستیان کە بە نزیک لە یەکێتی دادەنرێت، ئەگەر ئەویش یەکلا بێتەوە و پشتیوانی کورد بکات، هێشتا کورد پێویستی بە دەنگێکی دیکەی ئەو هەشت کورسییەیە کە دووانی تورکمان و شەشی عەرەبن.
هەردوو نەتەوەی عەرەب و تورکمان لە کەرکووک وێڕای ئەوەی بە تەنیا ناتوانن ئەنجوومەنی پارێزگا پێکبهێنن، پێکەوەش وەکو هاوپەیمان دەبنە هەشت کورسی و پێویستیان بە هاوپەیمانییە بۆ دروستکردنی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک.
تەنیا بە یەک سیناریۆ دەتواندرێت کورد لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک و دانانی پارێزگار دووربخرێتەوە، ئەویش هاوپەیمانی نێوان عەرەب و تورکمان و کۆتای مەسیحییەکانە.
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ناتوانرێت کورد لە گۆڕەپانەکە بکرێتە دەرەوە، چونکە عەرەب و تورکمان پێکەوەش بن دەبنە هەشت کورسی، بەربژێری سەرکەوتووی کۆتاکان پەیوەندی بەو دوو نەتەوەوە نییە و پشتیوانی کورد و لیستی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەکات".
"گفتوگۆ بۆ دانانی پارێزگاری کەرکووک نەکراوە"
بەگوێرەی بەدوادچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ شەممە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک و دانانی پارێزگار گفتوگۆ لەنێوان لیستە سەرکەوتووەکاندا نەکراوە و گفتوگۆکان دوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی سەری ساڵ دەستپێدەکەن.
بە گشتی و بە فەرمی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا کورد لە رێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە 15 کورسی بەدەستهێنا؛ لە کەرکووک یەکێتی پێنج کورسی و پارتی دوو کورسی، لە نەینەوا پارتی چوار کورسی و یەکێتی دوو کورسی، لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدینیش دوو بەربژێری یەکێتی سەرکەوتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ