گوتەبێژی هاوپەیمانیی عرووبە: زۆربەی لایەنە عەرەبییەکان لەگەڵ مانەوەی راکان جبوورین

30-12-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی عرووبە لە کەرکووک دەڵێت، پێکهاتەی عەرەبی کەرکووک چاویان لە پۆستی پارێزگارە و زۆربەیان کۆکن لەسەر ئەوەی راکان جبووری ببێتەوە پارێزگاری کەرکووک.
 
عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عرووبە لە کەرکووک، کە میوانی بوڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رایگەیاند، ئەوان وەک پێکهاتەی عەرەبی باوەڕیان بە ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات هەیە. هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک بە عەرەب، کورد، تورکمان و کریستیان کار دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پلە و پۆستی ئەم شارە بەتایبەتی پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، کە دەستکەوتی سیاسی و جەماوەرییانە بەپێی قەبارە و ئەو کورسییانەی بەدەستیانهێناوە. 
 
عەزام حەمدانی گوتی، "پێکهاتەی عەرەبی چاوی لەوەیە پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە و بە دەستکەوتی خۆی دەزانێت بەهۆی ئەوەی دەتوانێت بەپێی ئەو کورسیانەی بەدەستیانهێناوە زۆرینە پێکبهێنێت. هەروەها لە ماوەی رابردوودا پێکهاتەی عەرەبی سەرکەوتوو بووە لە بەڕێوەبردنی پارێزگاکە. لە بەرامبەردا کورد و تورکمانیش پێیانوایە کە ئەم پۆستە دەستکەوتیانە و دەبێ وەریبگرن و ئێمەش رێز لە بۆچوونەکانیان دەگرین". 
 
هاوپەیمانیی عرووبە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاند کە 18ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، لە کۆی 16 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، تەنیا یەک کورسی بەدەستهێنا.
 
لەبارەی دانوستاندنەکانی لایەنەکانی کەرکووک لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک، حەمدانی گوتی، "ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی لایەنە سیاسییەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک. بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ جۆرە دانوستاندنێک لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا لە ئارادانییە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک و سەرۆکی ئەنجوومەن و پۆستەکانی دیکە." 
 
لە دوای هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر شاری کەرکووک لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017، راکان جبووری کە جێگری پارێزگاری کەرکووک بوو، کراوەتە پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت.
 
عەزام حەمدانی دەڵێت، لەلایەن جەماوەری عەرەبییەوە گوشاریان لەسەرە بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرنەوە و گوتی، "ئێمە ناچارین پابەندی بۆچوونەکانی رای گشتیی عەرەبی ببین کە چاوی لە وەرگرتنەوەی ئەم پۆستەیە، بۆیە ناتوانین دەستبەرداری ئەم پۆستە بین."

 

 
لەبارەی بەربژێرەکانی لایەنی عەرەبی و چارەنووسی راکان جبووری، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عرووبە گوتی، "چەند بەربژێرێک هەن، راکان جبووریش یەکێک لەم بەربژێرانەیە بەهۆی ئەوەی لە ماوەی رابردوودا توانی پارێزگاکە بەڕێوەببات و لەلایەن پێکهاتەی عەرەبییەوە پەسندکراو بوو. بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت، کە بەربژێری دیکە نەبێت. راکان جبووری یەکێکە لەو بەربژێرانەی زۆرترین چانسی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بەهۆی ئەوەی رێککەوتنێک هەیە لەلایەن لایەنە سیاسییە عەرەبییەکان و زۆربەی هێز و لایەنە سیاسییە عەرەبییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی راکان جبووری ویلایەتەکەی نوێ بکاتەوە". 
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا کە 13 ساڵ بوو لە کەرکووک نەکرابوو، لیستە کوردییەکان 7 کورسی، عەرەب شەش کورسی، تورکمان دوو کورسی بەدەستهێنا، لەگەڵ کورسییەک بۆ کۆتای کریستیان.
 
حەمدانی، مەرجی لایەنە عەرەبییەکانی ئاشکرا کرد بۆ نزیکبوونەوە لە لایەنە کوردییەکان و گوتی، "هەر کەس و لایەنێک باوەڕی بە عێراقیبوونی کەرکووک هەبێت، باوەڕی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت هەبێت، باوەڕی بەوە هەبێت کە بە هاوبەشی ئەم پارێزگایە بەڕێوەببرێت، ئێمە لێیان نزیک دەبینەوە و پەیوەندییەکانمان لەگەڵیان باش دەکەین. دەبێ بەڕێوەبردنی کەرکووک لەسەر بنەمای نیشتمانیی بێت دوور لە بنەمای حیزبی، نەژادی و نەتەوەیی چونکە کەرکووک شاری پێکەوەژیانە. پێچەوانەی ئەم بنەمایانە لە کەس نزیک نابینەوە، چونکە لە ماوەی رابردوودا پێکهاتەی عەرەبی فەرامۆش کرا، رۆڵەکانی کوژران، رفێندران و ماڵیان زەوتکرا."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.