کوردستان
کارمەندانی دەروازەی گومرگی خابوور لە دیوی شرنەخی باکووری کوردستان هێرش دەکەنە سەر ژن و مێردێکی بەساڵاچوو و سوکایەتییان پێدەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کارمەندانی دەروازەی گومرگی خابوور لە دیوی شرنەخی باکووری کوردستان کە هێرش دەکەنە سەر ژن و مێردێک و سوکایەتییان پێدەکەن. پارێزگاری شرنەخ رایگەیاند، دوو لە کارمەندەکانی دەروازەکە لە کارەکانیان دەرکران.
رووداوەکە شەوی رابردوو 30ـی کانوونی دووەمی 2023 روویداوە و کەسێک بەمۆبایل گرتەڤیدیۆییەکەی تۆمارکردووە و دوای بڵاوبوونەوەشی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.
هەرچەندە هۆکاری سەرهەڵدانی گرژیی و دەمەقاڵی نێوان ژن و مێردەکە و کارمەندانی دەروازەی گومرگی خابوور نەزاندراوە، بەڵام مامەڵەی نەشیاوی کارمەندان لە دژی ئەو دوو بەساڵاچووە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و داوای سزادانیان کرا.
لە کاتی دەمەقاڵییەکەدا ئەو ژنە بە کارمەندێکی دەروازەی خابوور دەڵێت: "تۆش رۆڵەی دایک و باوکێکی بەساڵاچوویت، ئەمە لەیاد نەکەیت،" بەڵام کارمەندەکە هێرشی دەکاتە سەر.
ڤیدیۆی رووداوەکە کە ئاژانسی شرنەخ بڵاوی کردووەتەوە:
دوای ئەو رووداوە، رۆژی سێشەممە 31-01-2023 عوسمان بیلگین، پارێزگاری شرنەخ رایگەیاند، دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کرد و سەرەتا دوو کارمەندی پەیوەندیدار بە رووداوەکەیان لە ئەرکەکانیان دوورخستەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کاردانەوەکان بەردەوامن و داوا لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی دەکرێت، لێکۆڵینەوە بکات و دادگەکان راسپێرێت بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و داوای لێبووردن لەم ژن و مێردە بکرێت، کە رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ