پەیامنێری رووداو: بۆ جیاکردنەوەی مووچە لە خەرجیی راستەقینە هەوڵەکان چڕکراونەتەوە

31-01-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پەیامنێری رووداو دەڵێت، لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ئاگادارکراوەتەوە کە 618 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان؛ دەشڵێت، هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "لە بەغداوە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ئاگادار کراوەتەوە کە 618 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان؛ ئیدی ئەو کارە پێویستی بە چەند رێکارێکی کەمە لە بانکی ناوەندییەوە و نوێنەری وەزارەتی دارایی [هەرێمی کوردستان] کارەکان تەواو دەکات و پارەکە وەردەگرێت".
 
کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی بودجە و مووچە چارەسەرنەکراون. پەیامنێری رووداو گوتی، ئەوەی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گرنگە جیاکردنەوەی مووچەیە لە خەرجیی راستەقینە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا بدرێت و دوانەکەوێت.
 
هەڵکەوت عەزیز بە دواداچوونی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە کردووە و دەڵێت، "هەوڵی ورد و جیدی بۆ هەمواری یاسای بودجە دراوە و چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسند بکرێت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە دەربهێندرێت و بنێردرێتە پەرلەمانی عێراق، هەرچەندە تاوەکو ئەم ساتە هەندێک لە پەرلەمانتارە شیعەکان دژی هەموارکردنەوەی یاساکەن و لەگەڵ ئەوەدان راستەوخۆ مووچە لە بەغداوە بدرێتە فەرمانبەرانی هەریمی کوردستان، بەڵام کۆدەنگییەک دروستبووە زۆرینەی لیژنەی دارایی کۆسپی بۆ دروست نەکەن".
 
ئەو پارەیەی بۆ ئەم مانگە بڕیاری ناردنی دراوە لە 14ـی ئەم مانگەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بریاری لەسەر داوە، ئەویش لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2024ـدا.
 
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دوای ئەوە هات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەشێکی بەرچاو لە بەرپرسانی دیکەی باڵای عێراق و لایەنە سیاسییەکان کۆبووەوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت کێشەی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت.
 
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق ئەو کات بە رووداوی گوت، "ئەو 618 ملیار دینارەی کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لێداوە، قەرز و سولفە نییە، بەڵکو ناردنی ئەو پارەیە لە پشکی هەرێمی کوردستانە لە یاسای بودجەی 2024ـدا."
 
حکومەتی عێراق پێشتر بڕی 700 ملیاری دەنارد وەکو قەرز بۆ دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو بڕەی کەمکردووەتەوە.
 
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە و مووچەی ئەم مانگە بەهۆی نەناردنی پارە لە بەغداوە دیار نییە کەی دابەش دەکرێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە داهاتی نێوخۆ ئەو کورتهێنانە پڕدەکاتەوە کە بەهۆی ناردنی پارە لە بەغدا دروست دەبێت، چونکە مانگانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی زستانی سعودیە، بەفر لە شاخەکان باریوە. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

کەشناسیی هەرێمی کوردستان: پلەی گەرما بۆ 5 پلە ژێر سفر دادەبەزێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان، بەهۆی کاریگەریی بەرزە پەستانێکی هەوای رووسیاوە، شەپۆلێکی سەرما روو لە ناوچەکە دەکات و لە شەوانی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکان بۆ ژێر سفر دادەبەزن.