رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کورد لە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە پۆستەکەی لادەدرێت و یەکێک لە بەهێزترین بەربژێرەکانیش بۆ شوێنگرتنەوەی، فەیسەڵ کەریم خان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، فەریق گۆهدار محەممەد سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش و هەواڵگری لە وەزارەتی بەرگریی عێراق کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە پۆستەکەی نامێنێت. یەکێک لە بەهێزترین بەربژێرەکان بۆ شوێنگرتنەوەی بریتیە لە فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
کەسێکی نزیک لە فەیسەڵ کەریم خان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو پۆستە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و بەهۆی ئەوەی فەیسەڵ کەریم خان کۆلیژی سەربازی تەواو کردووە، ئەزموونی هەیە و چەندین پۆستی ئەمنی و سەربازی هەبووە، یەکێکە لە بەربژێرەکان بۆ وەرگرتنی پۆستەکە، بەڵام خۆی بە فەرمی بڕیاری نەداوە دەیەوێت ئەو پۆستە وەربگرێت یان نا.
رۆژی چوارشەممە، 11-1-2023، سەگڤان یوسف، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پشکی کورد لەنێو سوپای عێراق زۆر کەمە و دەبێت کاربکرێت بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی".
سەگڤان یوسف گوتیشی، "رێژەی کورد لەنێو دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی دەرەوەی سوپای عێراق 1٪ـە."
جێگری سەرۆکی لیژنەکەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دانیشتوانی هەرێمی کوردستان 14٪یە؛ هەربۆیە دەبێت کار بکەین بۆ ئەوەی رێژەی کورد بگاتە ئەو ئاستە لەنێو سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراق".
سەبارەت بە پۆستەکانی کورد لە عێراق، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق گوتی، "لە عێراقدا کورد نزیکەی 380 پۆستی هەیە. نزیکەی 200 پۆست لە کەسانی کورد چۆڵبوون و پڕنەکراونەتەوە لەوانەش پۆستەکانی بریکارەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ؛ هەروەها چەندین پۆست لە دامەزراوە ئەمنییەکان و دەزگا هەواڵگرییەکان و دەبێت پۆستی سەرۆکی ئەرکانی سوپاش بۆ کورد بگەڕێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ