رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشی زمانەشینە (Bluetongue) لە کەرکووک و نەینەوا و دیالە بڵاودەبێتەوە، بەهۆیەوە چین بایکۆتکردنی هاوردەکردنی هەموو جۆرە ئاژەڵ و بەرهەمی ئاژەڵی لە عێراق دەکات. وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش دەڵێت، "هیچ هەناردەی ئاژەڵ و بەرهەمێکی ئاژەڵیمان بۆ چین نییە."
رۆژی چوارشەممە، 31ی کانوونی دووەمی 2024، محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نەخۆشیی زمانەشینە لە هەندێک ناوچەی سنوور بڵاوببووەوە ژمارەیەک ئاژەڵی سوور لە کەرکووک، نەینەوا و دیالە تووشبوونە، بەڵام رێکاری خێرای پێویست گیراونەتەبەر و چارەسەرکراون، هیچ مەترسییەک نییە، زیاتر لە 15 رۆژە لە هیچ تووشبوویێکی نوێ ئاگادارنەکراوینەتەوە."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی چین، رۆژی 26ـی کانوونی دووەمی 2024، بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی عێراق راپۆرتێکی ناردووە بۆ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ تەندروستیی ئاژەڵی لەبارەی ئاشکرابوونی نەخۆشی لە نێو مەڕو ماڵاتدا، بۆیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی زمانەشینە بڕیاریانداوە، هاوردەکردنی هەموو جۆرە ئاژەڵ و بەرهەمێکی ئاژەڵی لە عێراق قەدەخە بکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، "عێراق ئەندامە لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی و لەوبارەوە هیچ هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ چین نییە، هیچ ئاژەڵ و بەرهەمێکی ئاژەڵیش هەناردەی چین ناکات، لێدوانەکەی چین جێگەی سەرسووڕمانە، چونکە نە هاوردە و نە هەناردەی ئاژەڵ و بەرهەمەکانی ئاژەڵمان لەگەڵ چین نییە."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دڵنیایی دەدات و دەڵێت، "نەخۆشییەکە زۆر سووکترە لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، لە مێرووی زیانبەخش دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵان، بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە، بەڵکو تەنیا لەنێوان ئاژەڵان دەگوازرێتەوە."
نەخۆشییەکە لە بنەڕەتدا ئەفریقییە، لە ناوچەکانی کەمەرەیی بڵاوبووەتەوە.
زمانەشینە چییە؟
زمانەشینە، نەخۆشی و پەتایەکە تووشی مانگا و مەڕو ماڵات دەبێت، بەهۆیەوە زمانی شین هەڵدەگەڕێت، هۆکارەکەشی ڤایرۆسەکە لە مێرووە زیانبەخشەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵان، زیاتر مەڕو ماڵات تووشی دەبن لە مانگا.
نیشانەکان
دیارترین نیشانەکانی، تای بەرز، 6-8 رۆژ بەردەوام دەبێت، شەکەتی زۆر نەبوونی ئارەزووی خواردن، دەمکولی و زیادبوونی دەرهاویشتەکانی لووت، سکچوون، لەکاتی تووندبوونی نەخۆشییەکە زمانی شین دەبێت، رێکردنی ئەستەم دەبێت، سی و چاوەکانی هەو دەکات، رێژەی مردن 30 - 50٪یە. ئەو نەخۆشییە ئاژەڵی ئاوس تووشی لەباربردن دەکات.
چارەسەری
دیاریکردنی ئەوانەی تووشی بوون و لەنێوبردنیان. بەکارهێنانی دەرمانە قڕکەرەکان، بەکارهێنانی ڤاکسین بۆ پاراستنی ئاژەڵەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ