رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا راگەیاند مووشەکێکیان تێکشکاند کە لەلایەن حوسییەکانەوە ئامادەکرابوو بۆ تەقاندن و، هەڕەشەیەک بوو بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا.
رۆژی چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە، "کاژێر 3:45ـی دوانیوەڕۆ بەکاتی سەنعا (هەمان کاتی هەولێر) هێزەکانمان مووشەکێکیان دەستنیشانکرد کە ئامادەکرابوو بۆ هەڵدان."
سێنتکۆم دەڵێت، "ئەو مووشەکە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان بووە لە یەمەن و هەڕەشە بووە بۆ سەر هێز و فڕۆکەکانمان."
سێ رۆژ لەمەوبەر لە 28-1-2024، لە زنجیرە هێرشێکی هاوبەشدا ئەمریکا و بەریتانیا پێکەوە بۆ " کەمکردنەوەی توانای حووسییەکان لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور کە رێڕەوێکی گرنگی بازرگانیی جیهانییە" هێرشیانکردە سەر گرووپە یەمەنییەکە.
حووسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن، هێرشەکانیان پشتیوانیێکن بۆ غەززە لە دژی ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیل، ئەمریکا و بەریتانیاوە هەیە.
هەرچەندە ئەمریکا هەڕەشەی لە حووسییەکان کردووە کە ئەگەر واز لە هێرشەکانیان نەهێنن لە 16ـی شووبات دەیانخاتە لیستی تیرۆرەوە، هێشتا حووسییەکان لە کردنە ئامانجی کەشتییەکان بەردەوامن.
لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە حووسییەکانی یەمەن دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی نێو دەریای سوور کردووە و دەڵێن: "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ گەلی فەلەستین."
هێرشی ئەو گرووپە زیانی لە 12٪ـی بازرگانیی نێودەوڵەتی داوە و چەندین کۆمپانیای ناچارکردووە رێڕەوەکانیان بگۆڕن.
دوای ئەوەی ئەمریکا و بەریتانیا چەند هێرشێکیان کردە سەر حووسییەکان، گرووپەکە لە وەڵامدا گوتیان کە "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ئامانجی ئێمە دەبن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ