وەزارەتی ئەوقاف: لە نوێژی هەینیدا نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەچنە مزگەوت

31-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رۆژانی هەینی لە 3,800 مزگەوتدا نوێژی بەکۆمەڵ دەکرێت و مامۆستایانی ئاینیی گوتار پێشکێش دەکەن.
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی 31-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەرێمی کوردستان 6 هەزار و 150 مەزگەوت هەن، بەڵام لەو ژمارەیە لە 3 هەزار و 800 مزگەوتدا گوتاری هەینی پێشکێش دەکرێت".
 
بەگوتەی نەبەز ئیسماعیل، رۆژانی هەینی نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەچنە مزگەوتەکان و وێڕای نوێژکردن، گوێ لە گوتاری مامۆستایانی ئاینی دەگرن.
 
نوێژی هەینی نوێژێکە هەموو رۆژانی هەینی دوای هاتنی کاتی نوێژی نیوەڕۆ لە نیوەڕۆدا  دەکرێت. نوێژی هەینی فەرزی عەین (واجب)ـە لەسەر هەموو موسڵمانێکی پیاوی پێگەیشتوو و نیشتەجێ و دانیشتووی شوێنێک، ئەگەر بێ عوزر بێت.
 
زانایانی ئیسلام جیاوازن لەسەر دیاریکردنی کەمترین ژمارەی کەس، کە نوێژی هەینی پێ واجب دەبێت. هەندێکیان دەڵێن ئەگەر لە شارێک چل کەس هەبن کە ئەو مەرجانەی سەرەوەیان تێدا بێت، ئەوا نوێژی هەینی واجب دەبێت. هەندێکی دیکەیان بە کەمتر لەو ژمارەیە واجبیان کردووە و هەندێکیش دەڵێن دەکرێت تەنیا بە دوو نوێژخوێن بکرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە