هەر کچ و کوڕێکی مۆدێل لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل سناپ بکەن، سزادەدرێن

31-03-2022
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هەموو ئەو کچە مۆدێل و کوڕە مۆدێلانەی کە لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەیان سناپ دەکەن سزا دەدرێن، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، "چاودێریمان کردوون جگە لەوەی سەرپێچی دەکەن، هیچ شتێکی گرنگیشیان پێ نییە و کارێکی بێ بنەمایە، بۆیە جگە لە پێبژاردن، دەدرێنە دادگەش."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی ئاداری 2022، فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەیەکە چاودێریی دەکەین و دەبینین کە کۆمەڵە کەسانێک بەناوی کوڕە مۆدێل و کچە مۆدێل، یوتیوبەر، سناپەر و ڤاینەر پەیدابوون کە ڤیدیۆی خۆیان دەگرن لەکاتی لێخوڕین و لە سۆشیاڵمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویدەکەنەوە کە ئەوەش سەرپێچییە لە یاساکانی هاتووچۆ، بۆیە بڕیارمانداوە لە رێگەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیان بیاندۆزینەوە و بە 40 هەزار دینار سزا دەدرێن و دەدرێنە دادگەش."
 
لەبارەی ئەوکارەی کە کچە مۆدێل و کورە مۆدێلەکان لەنێو ئۆتۆمبێل دەیکەن، فازڵ حاجی گوتی "تێبینیمان کردووە هیچ شتێکی بە سوودیش بڵاوناکەنەوە تەنیا باسی کۆمەڵێک شتی بێ بنەما دەکەن، دەڕۆنە جێگەیەک نان دەخۆن لەنێو ئۆتۆمبێل و لەکاتی لێخوڕین باسی دەکەن، ئەوە هیچ گرنگییەکی نییە و لە هەمانکاتدا هاندەرێکیشە بۆخەڵکانی دیکە کەچاویان لێبکەنەوە و هەمان سەرپێچیی دووبارەبکەنەوە."
 
فازڵ حاجی هەروەها گوتی، "هەموو سەرپێچییەک لەیاسای هاتووچۆ ئەگەرێکە بۆ کەوتنەوەی رووداوێکی هاتووچۆ، لەبەر ئەوەی بە ئەرکی خۆمان دەزانین کە سکاڵا لەسەر ئەوکەسانە تۆماربکەین و سزایان بدەین."
 
لەبارەی سزادانی ژمارەیەک لەو کچە مۆدێل و کوڕە مۆدێلانەوە گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر گوتی، "ژمارەیەک لە کچە مۆدێل و کوڕە مۆدێل سزادراون بە پێبژاردن کە 40 هەزار دینارە و دراونەتە دادگەش، ئێمە ئێستا بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەستەی داواکاری گشتی و دادگەی لێکۆڵینەوەی هەولێر، لەسەر خەتین بۆ رێکارە یاساییەکان."
 
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر هۆشداریی دا لەوەی ئەو کارەیان رووداوی هاتووچۆی لێدەکەوێتەوە و گوتی، "ئەو مۆدێلانە ژمارەیەکی زۆر بینەریان هەیە کە نزیکەی ملیۆنێک یان زیاتر دەبێت، ئەوەش وادەکات هانی هاونیشتمانییان بدەن بۆ ئەنجامدانی ئەو سەرپێچییانە و بەوەش چەندین رووداوی هاتووچۆی لێدەکەوێتەوە. دەبێت ئاگاداربن بەکارهێنانی مۆبایل بۆ قسەکردنیش قەدەخەیە، جا ئەگەر سناپکردن بێت ئەوە سەرپێچییەکە دەبێتە دوو هێندە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک پارچەزەوی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

زانیاری بۆ ئەو کەسانەی تاوەکو ئەمڕۆ ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی دەرنەچووە

ساڵێک و 8 مانگە بڕیاری دابەشکردنی زەوی بە فەرمانبەران و خانەنشینی هەرێمی کوردستان دراوە، بەڵام ژمارەیەک کەس ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی دەرنەچووە. بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی دەڵێ، 480 هەزار کەس مامەڵەیان تەواو کراوە و ئەوانەی ماون ناویان بۆمان نێردراوە.