رووداو دیجیتاڵ
هێزێکی پاسەوانی سنوور کە زۆرینەیان کوردن، لە خانەقینەوە "بە کاتی" گواستراونەتەوە بۆ پێنجوێن و لە جێگەکەیان پۆلیسی عەرەب دانراوە. ئەو هێزە ئێستا ترسیان هەیە گواستنەوەکەیان بکرێتە هەمیشەیی و داوا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن رێگری لەو "تەعریبە نوێیە" بکات.
غەریب ئەنوەر، کە پلەی مفەوەزە لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور، بە رووداوی گوت: "پێش جەژن بردیانین بۆ پێنجوێن، نزیکەی دوو مانگە لەوێین؛ ئێستا پێمان دەڵێن لەوانەیە جێگیرتان بکەین چونکە وەزعەکە باش نییە."
ئەرسەلان سەعید، مفەوەزێکی دیکەیە و گومانی لە پرۆسەی گواستنەوەکە هەیە. ئەو دەڵێت: "ئێستا ژێربەژێر دەیانەوێت ئەم کوردانە لێرە دەربکەن و عەرەبەکانی ئەوێش بگەڕێننەوە بۆ ئێرە؛ بە کوردییەکەی، دەیانەوێت کورد لێرە بسڕنەوە."
مەترسیی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە یەکێکە لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی ئەو پۆلیسانە. حەسەن محەممەد، ئەویش مفەوەزە و ئاماژە بەوە دەکات: "ئێمە عەرەبمان لەگەڵدایە؛ عەرەبەکان دەگەڕێننەوە و ئێمە لەوێ دەمێنینەوە. ئەمە وەکو تەعریب وایە. خانەقین خۆی سنوورە، بۆچی دەبێت خەڵکەکەی بڕوات بۆ پێنجوێن؟ ئەی ئەمە لێرە سنوور نییە؟"
بەرپرسانی یەکێتی دڵنیایی دەدەنە پۆلیسەکان، گواستنەوەیان کاتییە و دوای کۆتاییهاتنی شەڕ دەگەڕێنەوە سنوورەکەی خۆیان.
شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند: "ئینشائەڵڵا شەڕ کۆتایی دێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە. ئەوانە هەموو کەسوکاری خۆمانن و دێنەوە شوێنی خۆیان. بەتایبەت لیوای هەشتی سنوور بۆ ئێمە جێدەستێکی دیاریان لەم سنوورە هەیە و قوربانییەکی زۆریان لە سەردەمی قاعیدە و داعش و دۆخە نائاساییەکانی عێراقدا داوە."
لە کۆی 420 پۆلیسی ئەم فەوجەی پاسەوانی سنوور، 350ـیان کوردن و خەڵکی سنووری خانەقینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ