رووداو دیجیتاڵ
هێرشی درۆنیی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، ئەم جارە ماڵە جووتیارێکی لە کۆمەڵگەی سێبیرانی هەولێر کردە ئامانج. دایە عەتیە کە خۆیشی بریندارە، بۆ لەدەستچوونی رەنجی چەندین ساڵەی کوڕەکەی دەگری.
لە رووداوەکەدا دەڕاسە و تراکتۆر و چەندین کەلوپەلی کشتوکاڵییان سووتاوە و زیانەکەیان بە زیاتر لە 6 دەفتەر دۆلار دەخەمڵێندرێن.
دایە عەتیە بە گریانەوە بە رووداوی گوت: "پێشتر دوو دەنگی دیکە هات، جاری سێیەم گرمەیەک هات و ئاگری لێبەربوو، لە گەراجی ئێمەی دا. تراکتۆر و دەڕاسەمان سووتا و خانووەکەشمان زیانی بەرکەوت. نزیکەی 6 بۆ 7 دەفتەر دۆلار زیانمان بەرکەوتووە، بۆ خۆشم نەخۆشیی دڵم هەیە و لەوێ کەوتم."
ماڵی کوڕەکەی دایە عەتیە بەتەواوی وێران بووە. لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە لەنێو گەراجەکەیان، دەڕاسەیەک و تراکتۆرێک سووتاون.
حاجی عیزەدین، دانیشتووی سێبیران و ئەندامی خێزانەکە دەڵێت: "دەڕاسە و دوو تراکتۆرمان سووتاون، تەنیا ئامێرەکان زیاتر لە 6 دەفتەر دۆلار دەکەن، جگە لە ماڵەکان کە هیچمان نەماوە. ئێستا سێ ماڵین، ئەمشەو شوێنێک نییە لێی بنووین."
پەیامنێری رووداو لە سێبیرانەوە رایگەیاند، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە لە ناوەڕاستی کۆمەڵگەی سێبیران، لانی کەم 20 خانوو زیانیان بەرکەوتووە.
جگە لە زیانە مادییەکان، سێ کەسیش بریندار بوون؛ منداڵێکی تەمەن 13 ساڵ، کچيکی تەمەن 17 ساڵ و خانمێکی تەمەن 32 ساڵ، کە بەهۆی بەرکەوتنی ساچمە و شووشەی پەنجەرەکانەوە بریندار بوون.
زانا زرار، کاسبکارێکی ناوچەکەیە و بە نیگەرانییەوە دەڵێت: "درۆنێک دێت لەنێو ماڵت بەر زەوی دەکەوێت و دەتکوژێت. ئێمە نە زیانمان بۆ ئێران هەیە نە بۆ حەشد و نە بۆ کەسی دیکە. لە کورد فەقیرتر نییە، کەچی هەرچییەک دێت لێمان دەدات."
بە گوتەی دانیشتووانی سێبیرانی هەولێر، تەنیا رۆژی سێشەممە 7 درۆن بە ئاراستەی کۆمەڵگەکەیان چوون، زۆربەیان تێکشکێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ