چیرۆکی پوورە سوهەیلە، ئەو ژنەی هێرشەکانی بەعسی بینیوە و ماڵەکەی بە درۆن وێران بووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ڤەژین موراد
ماڵی پوورە سوهەیلە لە هەولێر
ماڵی پوورە سوهەیلە لە هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر، ماڵی ژنێکی بەتەمەن کەوتە بەر هێرشی درۆنەکانی گرووپە چەکدارەکان. پوورە سوهەیلە کە لە سەردەمی بەعسەوە شاھێدی شەڕ و نەهامەتییەکان بووە، بە پێکەنین و ورەیەکی بەرزەوە باس لەو زیانانە دەکات کە بەر ماڵەکەی کەوتوون.
 
پوورە سوهەیلە دیمەنی ساتی هێرشکردنە سەر ماڵەکەیان پێشانی پەیامنێری رووداو دەدات؛ ئەو کاتەی میدیای نزیک لە حەشدی شەعبی بە "ئەڵڵاهوئەکبەر"ـەوە دەیانگوت "ئاگرمان لە بنکەی ئەمریکییەکان بەردا،" بەڵام لە واقیعدا، ئەوە ماڵە خنجیلانەکەی پوورە سوهەیلەیە کە لە 26ـی مانگ وێران کرا.
 
پوورە سوهەیلە محەممەد، کابانی ئەو ماڵەیە. ئەو شەڕ و هێرشەکانی بەعس، خۆڕاگریی کورد و سەرکەوتنی پێشمەرگەی بینیوە. ئێستاش بەدەم پێکەنین و بە گەشییەوە لە داهاتوو دەڕوانێت و باسی زیانەکانی ماڵەکەی دەکات.
 
سوهەیلە بە رووداوی گوت: "تەلەڤزیۆنەکەم بە 14 وەرەقە (1400 دۆلار) کڕیبوو، بردوومانە بۆ لای وەستا و گوتی ئەگەر چاکبووەوە بۆتان چاکدەکەمەوە، ئەگەرنا دەبێت فڕێی بدەن."
 
پوورە سوهەیلە ئاماژە بە خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان دەکات و دەڵێت: "خۆت دەزانیت کورد راهاتووە لە دەنگ و تەقە. زۆرمان دیتووە، بەتایبەت من کە بەتەمەنم و لە زەمانی عەبدولکەریم قاسم و بەعسەوە زۆر شتمان بینیوە و پێی راهاتووین، بەڵام ئەوەی بەسەر ناوماڵەکەمدا هات، یەکەمجارم بوو بیبینم."
 
لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێرانەوە، ماوە ماوە گرووپە چەکدارەکانی عێراق ماڵ، دووکان و شوێنی نیشتەجێبوونی هاونیشتمانیان لە گەڕەکە جیاوازەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.
 
خالید مەجید، شۆفێرێکی خەڵکی هەولێرە و دەڵێت: "چواردەورمان هەمووی دووژمنە، حکومەتی عێراقیش تاوەکو ئێستا هەر لەگەڵ کورد دووژمن بووە. کاتێک تەقوتۆق هەبێت و لە تەنیشت کوورەیەک بیت، مەحاڵە پڕیشکت بەرنەکەوێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە سوپاس بۆ خودا دۆخەکە لێرە ئارامە."
 
لە زۆربەی هێرشەکاندا، شکانی شووشەی ماڵی هاونیشتمانیان زیانی مادی و گیانیی لێکەوتووەتەوە. شارەزایانی شووشە پێشنیازێکیان بۆ خەڵک هەیە لەکاتی بیستنی دەنگی تەقینەوەدا.
 
عەلی قادر، وەستای شووشەیە و دەڵێت: "ئەگەر بکرێت خەڵک پەنجەرەکانیان بکەنەوە، رەنگە زیانەکە کەمتر بێت لە کاتی شەپۆلی تەقینەوەدا. ئەگەرنا، دەتوانن تیپی پانی لێبدەن، بۆ ئەوەی ئەگەر شکا، شووشەکان راستەوخۆ نەکەونە خوارەوە و مەترسی دروست نەکەن."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا 524 هێرشی درۆنی و مووشەکی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان؛ زۆرترینیان بە 400 هێرش لەسەر گەڕەکە قەرەباڵخەکانی هەولێر بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆگای رۆنەکەی هەولێر دوای هێرشە درۆنییەکە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ئومێد خۆشناو: بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر کۆگایەکی رۆن لە هەولێر و ئاگرێکی گەورە کەوتەوە

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کرایە سەر کۆگایەکی رۆنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر. پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هێرشەکان بوونە تەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە و تیمەکان ناچار بوون لە شوێنی رووداوەکە بکشێنەوە