ستران عەبدوڵڵا: یەکێتی دوای دیدار یەکێتییەکی دیکە دەبێت

31-05-2022
گۆڤەند مستەفا
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە، یەکێتی دوای دیدار "یەکێتییەکی رێکخراوتر دەبێت و درێژەی هەمان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت کە جەنابی مام جەلال و هەڤاڵەکانی دایانمەزراند." 
 
رۆژی سێشەممە 31-05-2022، ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی ئەو حیزبە، میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 10:00 بوو کە سنوور مەجید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پێشکێشی دەکات. 
 
سەبارەت بەو گۆڕانکاریانەی بەسەر یەکێتیدا دێن لە پێش دیدار و دوای دیداری یەکێتی، ستران عەبدوڵڵا دەڵێت، "یەکێتی پێش دیدارەکە و دوای دیدارەکەش هەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بەڵام بێگومان بۆ قۆناخی داهاتوو یەکێک لە ئامانجەکانی دیدارەکە ئەوەبوو کە سیاسەتەکانی خۆی بۆ ئایندەی کوردستان داڕێژێت." 
 
لەبارەی دۆخی یەکێتی دوای دیدارەکە چۆن دەبێت، ستران عەبدوڵڵا گوتی، "یەکێتی دوای دیدارەکە یەکێتییەکی رێکخراوتر دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی لەسەر شانییەتی، چونکە هەمیشە کۆبوونەوە حیزبییەکان لە کۆنگرە بۆ دیدار و کۆڕبەند و پلینیۆم هەموو بۆ ئەوەیە ئەو کارانەی کە حیزبەکە پێیوایە رێکخستنەوەی پێویستە و کەموکوڕی هەیە لە رێکخستنەوەیەدا، رێکی دەخاتەوە. لەبەر ئەوە یەکێتی دوای دیدار یەکێتییەکی دیکە دەبێت، درێژەی هەمان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت کە جەنابی مام جەلال و هەڤاڵەکانی دایانمەزراند." 
 
هەر لەبارەی دیدارەکە، لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی گوتی: نوێبوونەوە و چاکسازی لە هەموو ئەو جومگانەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە پێیوایە هەندێکی ژەنگی هەڵێناوە و هەندێکیش ئەو تێڕوانینەی هەمانبوو کورتی هێناوە و ناتوانرێت جێبەجێ ببێت، ئەو ئەدەبیاتانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماوەی 46 ساڵی رابردوو کە مێژووی تێکۆشانی یەکێتییە، گۆڕانکاری زۆر گەورە بەسەر دونیادا هاتووە. بۆ نموونە لە کۆنگرەی 3 کە لە ساڵی 2010 کرا، لە ساڵی 2011 کە بەهاری عەرەبی روویدا گۆڕانکاری زۆر گەورە لە هەموو ناوچەکە روویدا، دوای کۆنگرەی چوار و دوای دیداری یەکێتیش ئەوە ئێمە نین بە تەنیا گۆڕاوین، کوردستان و عێراق و ناوچەکە و دونیا بە گشتیی گۆڕاوە، بێگومان لەگەڵیشدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حیزبێکە دەبێت لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە بڕوات. 
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، باسکردنی ئەو بابەتە لە دیداری یەکێتی، ستران عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا، "14 لیژنە دروستکرابوون بۆ سێکتەرە جیاجیاکان کە یەکێتی پێویست دەکات سیاسەتەکانی خۆی لەسەر ئەو بنەمایە دابڕێژێت، یەکێک لەو سێکتەرانە پەیوەندییەکانە لەگەڵ ناوخۆ و دەرەوە و هێز و لایەنە سیاسییەکان. لە ماوەی رابردوودا جۆرێک لە نزیکایەتی نێوان یەکێتی و پارتی دروستبووە، هیوادارین بگاتە ئەنجامێک کە بۆ خەڵکی کوردستان و پڕۆسەی سیاسیش لە هەرێمی کوردستان باشبێت."
 
لەبارەی وادەی کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەکێتی، ستران عەبدوڵڵا گوتی: "لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوە دەکرێت، لیژنە دروستکراوە بۆ ئەو دۆسیانەی کە پێویستە یەکێتی و پارتی قسەی لەسەر بکەن. لە ماوەی رابردوودا سێ چوار کۆبوونەوە لەنێوان پارتی و یەکێتی و کراوە کە یارمەتیدەردە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر ببێت، بۆ ئەو مەبەستەش زەمینەیەک رەخسێندراوە، هاتنی جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو چوارچێوەیەدا بۆ قەڵاچوالان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵسەنگاندنێکی ئیجابی بۆ ئەو هاتنە هەیە." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

  جووتیارێک لەنێو گەنمەکەیەتی. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سایلۆی هەولێر: ئەمڕۆ پارەی جووتیاران دابەش دەکرێت

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی گوژمەی سێیەمی پارەی گەنمی جووتیاران دەکرێت، کە 7 ملیار و 750 ملیۆن دینارە.