رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە 31-05-2025 چاپێکی تایبەت بە عێراق لە پەرتووکێکی جیهانیی بازاڕگەریی سەردەم بڵاودەکرێتەوە کە لەژێر سەرپەرشتیی پرۆفیسۆری ئەمریکی فلیپ کۆتلەر ئامادەکراوە.
تۆڕی میدیایی رووداو وەک نموونەیەک لە کۆمپانیا سەرکەوتووەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەم پەرتووکەدا باسکراوە کە یەکەمجارە نێوەڕۆکەکەی تایبەت بە بازاڕی باشووری کوردستان و عێراق دەخرێتە بەردەست.
پەرتووکی (بنەماکانی بازاڕگەریی سەردەم – چاپی عێراق) چیرۆکی سەرکەوتنی 17 کۆمپانیا لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا تۆڕی میدیایی رووداو وەک تاکە دامەزراوەی میدیایی هەرێمی کوردستان و عێراق جێی خۆی لەنێو پەرتووکەکەدا کردووەتەوە.
لە پەرتووکەکەدا تۆڕی میدیایی رووداو وەک دەزگایەکی میدیایی خاوەن دیدگەیەکی بێسنوور باسکراوە کە وایکردووە رۆژنامەگەری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە جۆرێکی دیکە سەیر بکرێت.
هەر لە پەرتووکەکەدا باس لەوە کراوە کە چۆن رووداو بایەخی بە داهێنانی دیجیتاڵی و بڵاوکردنەوە بە چەندین زمان داوە، هەروەها توانیویەتی بەسەر ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم میدیا لە ناوچەکەدا زاڵ بێت، وەک نەبوونی پیشەییبوون و سوودوەرنەگرتنی پێویست لە تەکنەلۆژیا.
پەرتووکەکە سەرکەوتنی رووداو لە رێگەی پابەندبوونی بە رۆژنامەڤانیی 24 کاژێریی کواڵیتی بەرز، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو وەک پەخشی ئێچدی و سەکۆ دیجیتاڵییەکان، هەروەها رووماڵی ئازایانەی مەیدانی لە کاتی رووداوە چارەنووسسازەکاندا دەگێڕێتەوە.
کتێبەکە باسی هاوبەشییەکانی رووداو لەگەڵ ئاژانسەکانی وەک ENEX, AFP, AP و USAGM کردووە، ئەوە جگە لە بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی جیهانی وەک ستیڤی، وێبی و تێڵی. لە کتێبەکەی کۆتلەر سەرنج خراوەتە سەر رێژەی بەرزیی بینەری رووداو و ناساندنی وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی هەواڵ، کە هاوشان لەگەڵ تۆڕە جیهانییەکان، بە کردەوە کوردستانی بە جیهانەوە گرێداوە.
دەقی نێو کتێبەکە کە باسی رووداوی کردووە
رووداو: دیدگەیەک لەودیو سنوورەکانەوە
پێشەکی
لە جیهانێکدا کە میدیا زۆرجار لەلایەن سنوورەکان، ئایدیۆلۆژیاکان و ئەجێنداکانەوە داڕێژراوە، رووداو وەک دەنگێکی بێسنوور دەرکەوت؛ براندێک کە رۆژنامەگەریی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرەوەیدا سەرلەنوێ پێناسە کردەوە. رووداو کە بە دیدگەیەکی بوێرانەوە لە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق دامەزرا، هەرگیز تەنیا بۆ گەیاندنی هەواڵ نەبوو، بەڵکو ئامانجی شکاندنی بەربەستەکان، بەرزکردنەوەی دەنگە نەبیستراوەکان و داڕشتنەوەی گێڕانەوەکان لەسەر ئاستی جیهان بوو.
لە رۆژە سەرەتاییەکانییەوە لە نیسانی 2008، رووداو هەستی بەوە کرد کە داهاتووی میدیا لە داهێنانی دیجیتاڵی، دەستڕاگەیشتنی ئاسان و گێڕانەوەی فرەزمانیدایە. بە فراوانبوونە پێشەنگەکەی بۆ نێو سۆشیاڵ میدیا، ئەپەکانی مۆبایل و سەکۆکانی تەلەفیزیۆنی زیرەک، رووداو لە کوردستان و عێراقدا بووە پێشەنگ؛ هەواڵی راستەوخۆی بە زمانی کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی و تورکی دەگەیاندە بینەران.
بەپێچەوانەی تۆڕە میدیاییە نەریتییەکان کە بە جوگرافیا سنووردار کرابوون، رووداو ژوورێکی هەواڵی بێسنووری دروست کرد کە تێیدا رۆژنامەڤانان، شرۆڤەکاران و چیرۆکخوانان بە پیشەییبوونێکی بێوچان و پابەندبوون بە راستییەوە، ناوچەکەیان بە جیهانەوە دەبەستەوە.
ئەوەی لە ساڵی 2013 وەک پۆرتاڵێکی دیجیتاڵیی ئامانجدار دەستیپێکرد، لەو کاتەوە بۆ زلهێزێکی میدیایی گۆڕاوە، متمانەی جیهانی بەدەستهێناوە و هانی گفتوگۆی گرنگی ناوچەیی و جیهانی دەدات. رووداو تەنیا تۆڕێک نییە، بەڵکو بزووتنەوەیەکە؛ هێزێکە و براندێکە کە نوێنەرایەتیی داهاتووی میدیای سەربەخۆ دەکات. رووداو نووسینگەی لە چەندین وڵات هەیە کە دەستی بە هەموو کیشوەرەکان دەگات و تیمێکی هەیە کە بە نایابیی رۆژنامەڤانییەوە پابەندن.
ئاستەنگەکان
زۆر نییە کە دەستخستنی هەواڵی باوەڕپێکراو لە دڵی عێراق و کوردستاندا ئاستەنگێکی راستەقینە بوو. تۆڕە میدیاییەکان زۆرجار پەرتەوازە، لایەنگر یانیش لە ئاستی ستانداردە جیهانییەکاندا نەبوون، ئەوەش وایکردبوو خەڵک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی زانیارییان نەبێت. کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان لە کوردستان لە رۆژدا چەندین کاژێر لە پەخش دەوەستان و دەستڕاگەیشتنی رۆژنامەکانیش بە زانیاری، سنووردار بوو.
کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان لە کوردستان زۆرجار نەیاندەتوانی رووداوە گرنگە جیهانی و هەرێمییەکان رووماڵ بکەن. میدیای کوردی پیشەییبوون و پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی کەم بوو، کە لە دەزگا نێودەوڵەتییەکانی دیکەدا دەبینران، ئەوەش وایکردبوو خەڵک بەزەحمەت بتوانن ئاگاداری ناوچەکەی خۆیان بن، چ جای جیهان.
سەرباری ئەوەش، چیرۆکە کوردی و عێراقییەکان تاڕادەیەکی زۆر لە گۆڕەپانی جیهانیدا ئامادەییان نەبوو، کاتێک رووداوە گەورەکان لە ناوچەکەدا روویاندەدا، میدیای نێودەوڵەتی یان پشتگوێی دەخستن یان پشتی بە سەرچاوەی دەستی دوو دەبەست، کە زۆرجار راستییەکانیان بەهەڵە دەگواستەوە. ئەوە لە کاتی سەرهەڵدانی داعش بە روونی دەرکەوت، کاتێک جیهان بۆ دەستکەوتنی زانیاریی ورد و جێگەی متمانە لە عێراق و کوردستانەوە کێشەی هەبوو.
لەکاتێکدا تۆڕە جیهانییەکانی وەک سی ئێن ئێن و جەزیرە پەیامنێری خۆیان هەبوو، هیچ میدیایەکی کوردی ئامادەیی نەبوو کە بتوانێت دیدگەیەکی رەسەن پێشکێشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات.
لە هەمان کاتدا، دەزگە میدیاییە ناوخۆییەکان لە وەرگرتنی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان هێواش بوون. لە سەردەمێکدا کە گۆڕانی دیجیتاڵی شۆڕشی لە هەواڵدا بەرپا دەکرد، میدیای کوردستان هێشتا هەر دواکەوتوو بوو.
میدیای کوردستان لەڕووی پەخشی کواڵیتیی بەرز(HD)، سەکۆی دیجیتاڵی کارلێککارانە و دەستڕاگەیشتن لە رێگەی مۆبایلەوە لەدواوەوە بوو. خەڵک ناچاربوون پشت بە شاشە نەرتیییەکانی تەلەفزیۆن و رۆژنامە چاپکراوەکان ببەستن، ئەمەش توانای کارلێککردنیانی لەگەڵ هەواڵدا بە شێوەی راستەوخۆ سنووردار دەکرد.
زۆر بەپەلە تۆڕێکی میدیایی سەربەخۆ، پێشکەوتوو، تەکنەلۆژی و ناسراوی نێودەوڵەتی پێویست بوو؛ تۆڕێک کە بتوانێت رۆژنامەگەریی کوردی و عێراقی بۆ ستانداردێکی جیهانی بەرزبکاتەوە و لە هەمان کاتدا دڵنیابێتەوە لەوەی دەنگی ناوچەکە بە بەرزی و ڕوونی دەبیسترێت.
سەرهەڵدانی زلهێزێکی میدیایی
رووداو ئیمپراتۆریەتێکی میدیایی دروستکرد کە هەرگیز ناخەوێت، 24 کاژێر رۆژنامەگەریی کواڵیتیی بەرز پێشکەش دەکات کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا دەگونجێت. بە تیمێکی پەیامنێری لێهاتوو و تەکنیکەکانی بەرهەمهێنانی پێشکەوتوو، رووداو دڵنیایی دەدات کە بەبێ دواکەوتن هەواڵی بەپەلە، شرۆڤەکاریی ورد و راپۆرتی بنکۆڵکاری دەگاتە بینەران.
تۆڕەکە ژوورێکی هەواڵی پیشەییانە و سەربەخۆی دوور لە کاریگەریی دەرەکی، تەنیا تایبەتکراو بە گەڕان بەدوای راستیدا دامەزراند. ستۆدیۆکانی بوونە ناوەندی باڵادەستیی رۆژنامەڤانی، نەوەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە سەرانسەری ناوچەکەدا پێوەرێکیان بۆ میدیا دانا.
لە کاتێکدا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەزگە میدیاییە جیهانییەکان پێویستییان بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو بوو، رووداو خۆی وەک تۆڕێکی هەواڵیی سەرەکیی کوردی و عێراقی جێگیر کرد، رۆژنامەڤانەکانی بوونە شایەتحاڵی مێژوو، رووداوەکانیان وەک خۆیان بە وردی و خێراییەوە دەگواستەوە. تۆڕە گەورەکان، داڕێژەرانی سیاسەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ تێڕوانین و شیکاری، روویان لە رووداو کرد.
تۆڕەکە هاوبەشیی بەهێزی لەگەڵ ئاژانسە میدیاییە جیهانییەکاندا دروستکرد، بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە دەنگە کوردییەکان چی دیکە تەنیا نابیسترێن بەڵکو بەشێوەیەکی چالاکانە دەبنەهۆی دروستکردنی گفتوگۆی نێودەوڵەتی. رووداو لەنێوان کوردستان و جیهاندا بووە پردێکی متمانەپێکراو، دیدگەیەکی پێشکێشکرد کە ماوەیەکی درێژ بوو لە گوتاری جیهانیدا ون ببوو.
داهێنان رووداوی بەرەوپێش برد، لە کوردستان و عێراقدا لە پەخشی HD پێشەنگ بوو، بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی ستانداردە جیهانییەکان. ئەپەکانی سمارت تیڤی، کار پلەی، پلاتفۆرمی دیجیتاڵیی خستەڕوو و هەواڵی لەسەر ئامێرە جیاوازەکان ئاسانتر کرد.
رووداو بە ستۆدیۆی پێشکەوتوو و تەکنەلۆژیای سەردەمیانە، بەرهەمهێنانی بێ کەموکوڕی، راپۆرتکردنی خێراتر و گێڕانەوەی کارلێککارانەی مسۆگەر کرد و رابەرایەتیی گۆڕانکاریی میدیای لە ناوچەکەدا کرد.
ئەمڕۆ، رووداو وەک چرایەکی رۆژنامەگەریی مۆدێرن دەردەکەوێ، گوتاری گشتی ئاڕاستە دەکات، کاریگەری لەسەر بڕیاربەدەستان دادەنێت و دیمەنی میدیایی لە ناوچەکەدا سەرلەنوێ پێناسە دەکاتەوە. رووداو رێبازێکی لە باڵادەستی بنیاتناوە، دڵنیابووەتەوە کە چیرۆکە کوردی و عێراقییەکان بە روونی، متمانەپێکراوی و کاریگەریی جیهانییەوە دەگێڕدرێنەوە.
ئەنجام: براندێکی پێشەنگی بازاڕ بە داهاتوویەکی گەشەوە
رووداو تەنیا تەکنەلۆژیای لەباوەش نەگرت، بەڵکو شۆڕشی لە ژێرخانی میدیاییدا کرد. لە سەردەمێکدا کە خێرایی و وردبینی پێناسەی رۆژنامەگەری دەکەن، رووداو قەڵایەکی دیجیتاڵیی دروستکرد کە بە خێراییەکی بێ کێشە کاردەکات.
لەنێو ستۆدیۆ تەکنەلۆژیا بەرزەکانیدا،AVID و VIZRT پەخشی نەریتییان بۆ زلهێزێکی بەرهەمهێنانی تەواو ئۆتۆماتیکی و پێشکەوتوو گۆڕی. لەم نێوەندەدا، RTS Intercom و ASTRA BPS سیستمێکی پێکەوەبەستراویان دروستکرد کە تێیدا رۆژنامەڤانان، بەرهەمهێنەران و تەکنیکارەکان، بەبێ گوێدانە شوێنی فیزیکییان، وەک ئەوەی لە هەمان ژووردا بن کاریان دەکرد.
لە مەیداندا، پەیامنێرانی رووداو بوونە هێزێکی رانەگیراو، بە ئامێری کۆدکردنی LiveU، چیرۆکی راستەوخۆیان لە سەختترین ژینگەکانەوە بە روونی و خێراییەکی بێهاوتا دەگواستەوە. لە پشت پەردەوە، سێرڤەرەکانی HP و DELL، سویچەکانی Cisco، و سەنتەرێکی زانیاریی پاڵپشتیکراو لەلایەن (ئای بی ئێم)ـەوە، بڕبڕەیەکی پشتی دیجیتاڵیی پتەویان پێکدەهێنا، کە گەیاندنی خێرای هەواڵیان بەبێ پچڕان مسۆگەر دەکرد.
بۆ ئیمپراتۆریەتێکی میدیایی کە لەسەر چەندین سەکۆ پەخشی هەیە، ئامێرەکانی کۆدکردنی (ئێریکسن) بۆ گواستنەوەی سەتەلایتی و RVR بۆ رادیۆ دڵنیاییان دەدا کە دەنگی رووداو بە کواڵیتییەکی روون و بێگەرد دەگاتە هەموو گۆشەیەکی جیهان. لە سەردەمێکدا کە هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان مەترسیی گەورەن، رووداو کاری خۆی بە پاراستنی ئەمنیی پێشکەوتووی دژە DDOS بەهێز کرد، دڵنیاییکردەوە کە هیچ شتێک نە دەستوەردان، نە هێرش، نە تەنانەت سەختترین بارودۆخیش، ناتوانێت ئەرکی گەیاندنی راستی بێدەنگ بکات.
لەکاتێکدا ململانێ ناوچەکەی سەرلەنوێ داڕشتەوە، رووداو بووە هاوێنەیەکی گرنگ، بە پێشکێشکردنی رووماڵی راستەوخۆی بێوێنە لە موسڵ، شنگال، کۆبانێ و شوێنەکانی دیکەوە وەک خۆی مێژووی تۆمار دەکرد. لە کەوتن تاوەکو رزگارکردنی شارە سەرەکییەکان، رووداو بە شێوەی راستەوخۆ مێژووی تۆمارکرد، هەموو شتێکی خستە مەترسییەوە بۆ گەیاندنی هەواڵی رەسەن بە جیهان. پابەندبوونی بە رۆژنامەگەریی رەسەن، رووداوی وەک زیاتر لە سەرچاوەیەکی هەواڵ جێگیر کرد و بووە دەنگی ناوچەکە.
رۆژنامەگەرییە بوێر و وردەکەی رووداو ناساندنی جیهانیی بەدەستهێنا، دەزگەکانی وەک رۆژنامەی (دی تاگەستسایتونگ)ـی ئەڵمانی لە 2014 رۆڵی روودوی لە رووماڵکردنی ململانێکاندا خستەڕوو.
NTVـی ئەڵمانی پشتی بە رووماڵکردنی هێڵی پێشەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە لە شنگال بەست، لەکاتێکدا رۆژنامەی (کۆڵنەر ستادئانزایگەر) رووداوی بە "دەنگی ناوچە ئاڵۆزەکە" ناوبرد. ئەم پشتگیرییانە ناوبانگی رووداویان وەک زلهێزێکی میدیایی متمانەپێکراو و سەربەخۆ چەسپاند، ئەوە مسۆگەر بوو کە چیرۆکە کوردی و عێراقییەکان چی دیکە پشتگوێ ناخرێن بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان دەناسرێنەوە.
هەوڵەکانی رووداو بۆ باڵادەستی لە رۆژنامەگەریدا سنوورەکانی تێپەڕاند، هاوبەشیی میدیایی جیهانیی بەهێزی دروستکرد کە دەستڕاگەیشتن و باوەڕپێکراویی زیاتر کرد. لە نیسانی 2015، رووداو بووە ئەندامی تۆڕی ئاڵوگۆڕی هەواڵی ئەوروپی (ئینێکس). رووداو وەک تەنیا دووەم کەناڵی تەلەفزیۆنیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە پەیوەندی بەم تۆڕە بەناوبانگەوە کرد، مێژووی تۆمارکرد، ئەمەش دەستڕاگەیشتنی بە کۆمەڵێک نێوەڕۆکی هەواڵی تایبەتی نێودەوڵەتی پێبەخشی.
بە داننان بە کاریگەریی گەشەی رووداو، ئاژانسی فرانس پرێس (AFP) هاوبەشیی لەگەڵ تۆڕەکەدا کرد، ئەمەش زیاتر ئامادەیی ئەوی لە گەیاندنی هەواڵی جیهانیدا بەهێزتر کرد. کاتێک رووداو لە 9ـی تشرینی دووەمی 2016 گرێبەستێکی لەگەڵ ئەسۆشیەیتد پرێس (AP) واژۆکرد، لەوە دڵنیابووەوە کە رووماڵەکانی دەگاتە کاریگەرترین ژوورەکانی هەواڵی جیهان. لە ساڵی 2023، بە هاوبەشیکردن لەگەڵ ئاژانسی ئەمریکی بۆ میدیای جیهانی (USAGM)، رووداو هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی فراوانتر کرد، ئەوەش زیاتر پێگەی خۆی وەک زلهێزێکی میدیایی ناسراو و متمانەپێکراوی جیهانی قایمتر کرد. ئەم هاوپەیمانییە ستراتیژییانە رووداویان لە پەخشکەرێکی هەرێمییەوە بۆ دەنگێکی جیهانی گۆڕی، کە بۆشایی نێوان کوردستان و جیهانیان پڕکردەوە.
پابەندبوونی رووداو بە باڵادەستیی گێڕانەوە و رۆژنامەگەری، بە فەرمی لە ساڵی 2024 لەسەر شانۆی جیهانی ناسێنرا، کاتێک 7 خەڵاتی تێلی و یەک خەڵاتی وێبیی بۆ بەڵگەفیلمە پێشەنگەکانی بەدەستهێنا. ئەم دەستکەوتە مێژووییە وایکرد رووداو ببێتە یەکەم دەزگەی میدیایی لە عێراق کە ناساندنێکی نێودەوڵەتیی وەها بەناوبانگ بەدەستبهێنێت، پێگەی خۆی وەک پێشەنگێک لە راپۆرتی کواڵیتی بەرز و کاریگەردا چەسپاند.
ئەو خەڵاتانە نەوەک تەنیا رێزیان لە پابەندیی رووداو گرت بۆ بەرهەمهێنانی نێوەڕۆکی سەرنجڕاکێش، بەڵکو توانای کێبڕکێکردنیشی لەگەڵ رێکخراوە میدیاییە سەرەکییەکانی جیهاندا نیشاندا. بەو خەڵاتانەوە، رووداو پێگەی خۆی وەک پێشەنگێک لە میدیادا چەسپاند، هەروەها ستانداردی نوێی بۆ باڵادەستی لە عێراق و دەرەوەیدا دانا.
گەشە و کاریگەریی بێوێنەی رووداو وایکردووە ئەو تۆڕە لە ریزی تۆڕە هەواڵییە سەرەکییەکانی جیهاندا جێبگرێت، بە جەزیرە، بی بی سی، و سی ئێن ئێن بەراورد بکرێت. بە رێبازە پڕ جووڵەکەی لە رۆژنامەگەری و ستراتیژییە میدیاییە پێشکەوتووەکانی، رووداو بووەتە پڕبینەرترین کەناڵی تەلەفزیۆنی کوردی و پڕبینەرترین سەکۆی میدیایی کوردیی ئۆنلاین، کە لە سەرانسەری ناوچەکە و دەرەوەیدا دەگاتە ملیۆنان کەس.
بەپێچەوانەی زۆرێک لە دەزگە ناوچەییەکان، رووداو ناوبانگێکی بۆگەیاندنی هەواڵی بابەتیانە و هاوسەنگ دروستکردووە، سەکۆیەکی بۆ دیدگە سیاسییە جیاوازەکان دابینکردووە، لەوانەش دەنگەکانی سووریا، تورکیا و عێراق.
پابەندبوونی بە گەیاندنی هەواڵی باوەڕپێکراو وایکردووە پۆرتاڵە ئینگلیزییەکەی ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ دیپلۆماتان، سیاسییەکان، زانایان و بازرگانان لە سەرانسەری جیهاندا، کە گفتوگۆ لەسەر پرسە سەرەکییە ناوچەیی و جیهانییەکان رێکدەخات. لە رێگەی داهێنانی بەردەوام، هاوبەشیی جیهانیی ستراتیژی و گەیاندنی هەواڵی بوێرانەوە، رووداو خۆی وەک یەکێک لە کاریگەرترین تۆڕە میدیاییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیرکردووە، بۆشایی لە نێوان کوردستان و جیهاندا پڕکردووەتەوە.
ناساندنی وەک کاریگەرترین سەکۆی سۆشیاڵ میدیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەدوایدا خەڵاتی زێڕینی ستیڤی، توانای ئەوە نیشاندەدات کە رووداو سەربەخۆیی رۆژنامەڤانی لەگەڵ ستراتیژییەتی دیجیتاڵی پێشکەوتوو تێکەڵ دەکات، ئەمەش لە میدیای مۆدێرندا دەیکاتە ناوێکی متمانەپێکراو.
بەدەستهێنانی 1.4 ملیار کارلێک (ئینگەیجمێنت) تەنیا لە چوار هەفتەدا لە ساڵی 2023 لە لایەن رووداوەوە زیاتر پێگەی خۆی وەک پێشەنگێک لە گێڕانەوەی دیجیتاڵیدا قایم کرد و سەلماندی کە هەواڵی ئەمڕۆ زیاترە لە تەنیا زانیاری، بەڵکو بریتییە لە بەشداریکردن، کارلێک و کاریگەری. توانای رووداو بۆ گەیاندن، ئاگادارکردنەوە و ئیلهامبەخشین وایکردووە وەک هێزێکی میدیایی جیهانی جێبگرێت، دڵنیابێتەوە لەوەی دەنگە کوردی و عێراقییەکان نەوەک تەنیا دەبیسترێن، بەڵکو بەشێوەیەکی چالاکانە گفتوگۆکانی جیهان دادەڕێژن.
بەدرێژایی ساڵان، بەرنامە وەرزییەکانی رووداو دەستکەوتی بەرچاویان بەدەستهێناوە. لە مانگی رەمەزانی 2025ـدا، بەرنامەکانی رووداو بەکۆمەڵ 2.3 ملیار ڤیوی کۆکردەوە. یەکێک لە بەرنامە دیارەکان (پاشیڤ)، بەتەنیا زیاتر لە نیو ملیار ڤیوی هەبوو. هەروەها رووداو بە میوانداریکردنی زیندووترین سەکۆی دیبەیتی ناوچەکە ناسراوە. دیبەتێک لە بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)دا، بە بەشداریی زانایانی ئیسلامیی دیار عەبدولەتیف ئەحمەد و د. موسەننا ئەمین، لە ماوەی تەنیا 24 کاتژمێردا 27 ملیۆن ڤیوی کۆکردەوە.
پوختە: گۆڕانکاریی رووداو و داهاتووی چاوەڕوانکراو
پەرەسەندنی رووداو بۆ تۆڕێکی میدیایی پێشەنگی بازاڕ چیرۆکێکی بەرچاوی داهێنان، خۆڕاگری و گەشەی ستراتیژییە. لە زاڵبوون بەسەر قەتیسکردنی میدیای کوردیی پەرتەوازە و کەمگەشەسەندوو، تاوەکو دامەزراندنی خۆی وەک سەرچاوەیەکی هەواڵی نێودەوڵەتیی متمانەپێکراو، رووداو دیدگە و توانای خۆگونجاندنی نیشانداوە.
وەبەرهێنانەکانی لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، هاوبەشیی جیهانی و رۆژنامەگەریی بوێرانەدا وایکردووە نەک تەنیا بۆشاییەکی گرنگ لە رووماڵی میدیاییدا پڕبکاتەوە، بەڵکو کێبڕکێ لەگەڵ زلهێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک جەزیرە، بی بی سی، و سی ئێن ئێن بکات؛ بەڵام، لەگەڵ گۆڕانی خێرای دیمەنی میدیاییدا، پێویستە رووداو لە داهێنان و خۆگونجاندن لەگەڵ رەفتارە گۆڕاوەکانی بینەران، زیادبوونی کێبڕکێی دیجیتاڵی و ئاڵۆزییە سیاسییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بێت. لە هەموو کات زیاتر رۆژنامەگەریی باوەڕپێکراو، راستەوخۆ و سەرنجڕاکێش داوا دەکرێت و توانای رووداو بۆ مانەوە لە پێش گۆڕانکارییەکانی پیشەسازییەکەوە سەرکەوتنی بەردەوامی دیار دەکات.
سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، کاریگەریی رووداو لەسەر رۆژنامەگەریی کوردی و عێراقی حاشاهەڵنەگرە. بینراوی و باوەڕپێکراویی دەنگە کوردییەکانی لەسەر شانۆی جیهانی بەرزکردووەتەوە، دڵنیابووەتەوە کە هەواڵەکانی ناوچەکە بە روونی دەگەیێندرێن. داهاتوو پێویستی بە خۆگونجاندنی بەردەوام، فراوانبوونی ستراتیژی و پابەندبوونی بێوچان بە دەستپاکی رۆژنامەوانییەوە دەبێت، بەڵام ئەگەر مێژوو نیشاندەر بێت، رووداو بۆ تێپەڕاندنی ئەم ئاستەنگانە و مانەوەی وەک هێزێکی باڵادەست لە میدیادا بۆ چەندین ساڵی داهاتوو لە پێگەیەکی باشدایە.
پرسیارەکان بۆ گفتوگۆ لەسەر کەیسەکە
1. رووداو چۆن بۆ دامەزراندنی ناسنامەیەکی براندی بەهێز و ناسراو، خۆی لە تۆڕە میدیاییەکانی دیکە جیاکردەوە؟
2. رووداو چ ستراتیژییەتێکی براندسازیی بەکارهێنا بۆ جێگیرکردنی خۆی وەک تۆڕێکی میدیایی متمانەپێکراو و کاریگەر لە هەردوو بازاڕی ناوچەیی و جیهانیدا؟
3. بەدیجیتاڵبوونی رووداو چۆن یارمەتی لە گەشەکردن و گەیشتنە خەڵکی زیاتر دا؟
4. هاوبەشییە جیهانییە ستراتیژییەکان چ رۆڵێکیان لە بەرزکردنەوەی باوەڕپێکراویی براندی رووداو و دەستڕاگەیشتنی بازاڕیدا گێڕا؟
5. لەکاتی فراوانبوون بۆ چەندین زمان و پلاتفۆرمی میدیایی جۆراوجۆردا، رووداو چۆن یەکڕیزیی براندی خۆی پاراست؟
6. رێکخراوە میدیاییەکانی دیکە دەتوانن چ وانەیەکی براندسازی لە گەشتی رووداو فێربن، بۆ ئەوەی ببنە پێشەنگی بازاڕ؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ