سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان: نابێت لایەنەکان بەربەست بۆ پێکهێنانی گفتوگۆیەکی کوردستانی دروست بکەن

31-05-2025
پەیمان محەممەد
کاوە مەحموود، سکرتێری حزیبی شیوعی کوردستان
کاوە مەحموود، سکرتێری حزیبی شیوعی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان دەڵێت، بانگهێشتەکەی پارتی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی بەشێکی لایەنە سیاسییەکان پەسند دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "ئەو کۆبوونەوەیە سەرەتایەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان و نابێت بەربەست بین بۆ پێکهێنانی دیالۆگێکی نێوخۆیی کوردستانی."
 
ئەمڕۆ شەممە 31-05-2025 کاوە مەحموود، سکرتێری حزیبی شیوعی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بە دەستپێشخەریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمەش بانگهێشت کراوین و بابەتەکە پەیوەندی بە گرفتی مووچە و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغداوە هەیە."
 
لەدوای بڕیارەکەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ راگرتنی پارەدارکردنی هەرێمی کوردستان، پارتی بانگهێشتنامەیەکی بۆ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نارد بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تاوتوێکردنی دۆخەکە. بەشێکی حیزبەکان دەڵێن، بەشدار دەبن و بەشێکی دیکەیش بەشدار نابن.
 
کاوە مەحموود گوتی، "ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە پرسی مووچە یەک هەڵوێستیان وەرگرت، ئەمەش زەوینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی بتوانین هەڵوێستێکی نیشتمانیی یەکگرتوو دروست بکەین."
 
بەگوتەی سکرتێری حیزبی شیوعیی کوردستان، "لەوانەیە ئەم کۆبوونەوەیە سەرەتایەک بێت بۆ دیالۆگێکی نێوخۆیی؛ پێویستە هەوڵی فراوانکردنەوەی بدرێت بۆ ئەوەی یەکدەنگییەکی نیشتمانیی کوردستانی سەبارەت بە پرسەکە دروست بکرێت."
 
رۆژی چوارشەممە 28-05-2025 وەزیری دارایی عێراق، هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت. کاوە مەحموود گوتی، "پێم وایە بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بە مووچەوە نییە، بەڵکو ئەوەی روودەدات پەیوەندی بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و کرۆکیی پڕۆسەی سیاسیی عێراق هەیە کە لە ساڵی 2003ـوە دەستیپێکردووە و بە چەند قۆناخێکدا تێپەڕیوە."
 
بەگوتەی سکرتێری حیزبی شیوعیی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا لایەنە سیاسییەکان بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە گرفتی مووچە و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا دەخەنەڕوو و گوتی، "پێویستە ئێمە [بە بەشدارینەکردن] بەربەست نەبین بۆ دروستکردنی زەوینەیەک بۆ پێکهێنانی گفتوگۆیەکی نێوخۆیی کوردستانی."
 
کاوە مەحموود باسی لەوەش کرد، گفتوگۆی نێوخۆیی کوردستان تەنیا پەیوەندی بە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغداوە نییە، "بەڵکو پەیوەندی بە دۆخی سیاسیی کوردستانیشەوە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین بە یەک هەڵوێستی کوردستانی رووبەڕووی تێکڕای بەربەست و ئاڵنگارییەکان ببینەوە."
 
سکرتێری حیزبی شیوعی لەبارەی پێشنیازی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە گوتی، "پێم وانییە هیچ لایەنێکی سیاسی کە دێتە کۆبوونەوەکە بە پڕۆژەیەکی ئامادەکراو مامەڵە بکات، دەبێت کاری کۆبوونەوەکە ئەوە بێت کە هەڵسەنگاندن بۆ تێکڕای دۆخەکە بکرێت."
 
کاوە مەحموود یەکەم هەنگاوی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و گرفتی مووچە بە ئەوە دەزانێت کە "ئەو بەستەڵەکەی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە و ئامادە نین یەکدی ببینن، لاببرێت."
 
سکرتێری حیزبی شیوعیی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی پارتەکەی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دەڵێت، "هەر لایەنێک دەستپێشخەری بکات شتێکی باشە، زۆر ئاساییە، لەبری پارتی ئەگەر لایەنێکی دیکەیش داوای کۆبوونەوەی کردبووایە، هەڵوێستمان هەر ئەوە دەبوو کە ئێستا هەیە."
 
بەگوتەی کاوە مەحموود، دروستبوونی دیالۆگی نیشتمانی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان پڕۆسەیەکی درێژخایەنە و "تەنیا بە یەک کۆبوونەوە ناکرێت، بەڵکو پێویستە پڕۆسەکە درێژەی هەبێت."
 
تاوەکو ئێستا بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە لەنێوان هەولێر و بەغدا، چەندین شاند لە هەردوو لاوە سەردانی یەکدییان کردووە و کۆبوونەتەوە. سکرتێری حیزبی شیوعیی کوردستان پێیوایە "هاتن و چوونی شاند بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسەکە چارەسەری کۆتایی نییە، بەڵکو کاتییە و لەدوای چەند مانگێک دۆخەکە تێکدەچێتەوە."
 
کاوە مەحموود کشانەوەی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا بە ئەگەرێک دەزانێت بۆ هەڵوێستەکردنی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان سەبارەت بە پرسی مووچە و دەڵێت، "پێم وایە پێویستە بە باشی خوێندنەوە بۆ ئەم ئەگەرە بکرێت، بۆ ئەوەی بزانین سوود و کاریگەرییەکانی چین، تەنانەت لەم ئەگەرەشدا دەبێت جیاوازی بکرێت لەنێوان کشانەوە لە حکومەت یان لە پەرلەمان، چونکە هەردوو کاریگەریی تایبەت بە خۆیان هەیە."
 
سکرتێری حیزبی شیوعیی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان "بۆ ئەوەی حکومەتێکی یەکگرتووی نیشتمانی بتوانێت لایەنە سیاسییەکان هان بدات کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تێکڕای گۆڕانکارییەکان، هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەبێت."
 
چاوەڕوان دەکرێت، بەشێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخان بکرێت بە هەڵوێستەکان بەرامبەر بە بەغدا لە نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.