رووداو دیجیتاڵ
تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ لە عێراق و لەنێویاندا بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بەشێکی تەواو بووە و بەشێکیشی بەردەوامە. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، ئەنجامی تاقیکردنەوەی وزاریی پۆلی شەش بڵاودەکەنەوە.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "قۆناخی پۆلە ناکۆتاکانمان لە یەکەوە تاوەکو شەشی سەرەتایی تاقیکردنەوەکانیان تەواو کردووە و تەنیا پۆلی شەش ماون ئەنجام وەربگرنەوە."
بەگوێرەی ئاماری خوێندنی کوردیی کەرکووک بۆ رووداو، ئەم ساڵ زیاتر لە 10 هەزار قوتابی شەشی سەرەتایی تاقیکردنەوەی وزارییان کردووە.
لەبارەی کاتی وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی شەشی سەرەتایی، کامەران عەلی گوتی، "بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەمڕۆ ئەنجامەکانیان بڵاو نەکەینەوە، سبەی بڵاوی دەکەینەوە."
هەر ئەم ساڵ لە خوێندنی کوردیی کەرکووک 7000 بۆ 8000 قوتابی تاقیکردنەوەی سێی ناوەندی دەکەن. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردیی گوتی، "قوتابیانی سێی ناوەندی دوو تاقیکردنەوەیان کردووە و بێ کێشە تاقیکردنەوەکانیان بەردەوامە."
لەبارەی قوتابیانی شەشی ئامادەیی کە لە هەرێمی کوردستان قوتابیانی پۆلی 12یان پێدەگوترێت، کامەران عەلی گوتی، "زیاتر لە 7000 قوتابیی شەشی ئامادەییمان هەیە و لە 14ی حوزەیران تاقیکردنەوەکانیان دەستپێدەکەن."
بەگوێرەی ئاماری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، زیاتر لە 100 هەزار قوتابیی کورد لە شارەکە کوردیی دەخوێنن.
بۆ بەڕێوەبردنی خوێندنی کوردیی لە کەرکووک، زیاتر لە 8000 مامۆستا و فەرمانبەر هەن و شایستەکانیان سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ