رووداو ناوى شەش پەرلەمانتارەکەى لیژنەى وردبینیی تۆمارى دەنگدەرانى کەرکووک بڵاودەکاتەوە

31-07-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانى عێراق بە نووسراوى فەرمى ناوى شەش پەرلەمانتارى کەرکووک دەداتە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەى ببنە ئەندام لە لیژنەى وردبینى لە تۆمارى دەنگدەرانى ئەو پارێزگایە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا. ئەندامەکان دوو کورد، دوو تورکمان و دوو عەرەبی سوننەن.

بەگوێرەى نووسراوێک کە لە 20ـى تەممووزى 2023 پەرلەمانى عێراق ئاراستەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقى کردووە، ناوى ئەو پەرلەمانتارانەى پشکى کەرکووکى ناردووە بۆ ئەوەى ببنە ئەندام لە لیژنەیەک بە سەرپەرشتیى کۆمیسیۆنەکە بۆ وردبینیکردنى تۆمارى دەنگدەران کە بە هاوکاریى چەند وەزارەتێک پێکهێندراوە.
 
ئەندامەکان بریتین لە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنى پارتى، دیلان غەفوور، ئەندامى فراکسیۆنى یەکێتى، موهەیمەن عەلى و وەسفى عاسى لە پشکى عەرەبی سوننە، ئەرشەد ساڵحى و غەریب عەسکەر لە پشکى پێکهاتەى تورکمان.
 
دیلان غەفوور بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ناوەکان ئاراستەى کۆمیسیۆن کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیار نەدراوە کەى لیژنەکە یەکەم کۆبوونەوە دەکات.
 
لیژنەکە بە سەرۆکایەتیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەبێت بە هاوئاهەنگیى لەگەڵ وەزارەتەکانى ناوخۆ، تەندروستى، بازرگانى، داد، پلاندانان لەگەڵ نوێنەرانى پێکهاتەکانى کەرکووک لە پەرلەمانى عێراق و دەبێت تاوەکو 6ـى ئەیلوول کارەکانیان تەواو بکەن.
 
ئەو لیژنەیە بەگوێرەى بڕگەى یەکى مادەى 13ـى هەموارى سێیەمى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق پێکھێنراوە کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەو هاووڵاتییانەى ناویان لە سەرژمێریى ساڵى 1957ـى کەرکووک هاتووە، لە تۆمارى دەنگدەرانى هەڵبژاردنى قەزا و ناحیەکان دەبن، جگە لە دانیشتووانى هەردوو ناحیەى زاب و سەرگەڕان؛ هەروەها ئەو ئاوارانەى کەرکووک کە گەڕاونەتەوە یان فۆرمى خۆراکیان پێش ساڵى 2003 لە کەرکووک بووە، دەتوانن بەشدارى ئەو هەڵبژاردنە بکەن.
 
لەدواى ساڵى 2005ـەوە، یەکەمجارە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک دەکرێت، یەکێک لە هۆکارەکانى دواخستنى ئەو هەڵبژاردنە لە لە دوو خولى رابردوودا تێبینییەکان بووە لەسەر تۆمارى دەنگدەرانى شارەکە.
 
بڕیارە لە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، کە لەدواى ساڵى 2013ـەوە یەکەمجارە بکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.