رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، ناسنامهی سێ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئاشكرا دهكات كه لەمیانی شهڕ و پێكدادان لەگەڵ سوپای تورکیا له هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی 31ـی تەممووزی 2023، ناوەندی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ناسنامەی ئەو گەریلایانەی ئاشکرا کرد کە گوایە لە سەرەتای تەممووزی 2023 لە هەرێمی کوردستان لەمیانی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵدا گیانیان لەدەستداوە.
ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەیە؛ لەیلا ئەلچیئۆغڵو ناسراو بە ڤیان مێردین لەدایکبووی مێردین؛ موراد ئاکیۆڵ ناسراو بە سەرهەڵدان تێکۆشەر لەدایکبووی شرنەخ و بەهرۆز عوبەیدی ناسراو بە فەرهاد بانە لەدایکبووی بانە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە زیانەکانی سوپای تورکیاوە هەیە، رۆژی 28ـی تەممووز، هەپەگە بڵاویکردەوە کە لە 24 کاژێری رابردوودا گەریلاکان لە چەند شوێنێکی جیاوازی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە و لە ئەنجامدا 11 سەربازی تورکیا کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون.
رۆژی 30ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوەکرد کە لە هێرشێکی ئاسمانییدا لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیانەوە، دوو گەریلای پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 603 گەریلا و کوژرانی 94 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 973 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 349 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ