رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەمزووانە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەخەنە بەرنامەی کارەوە. جێگری پارێزگاری هەڵەبجەش دەڵێت، هیوایان وایە بە زووترین کات دەنگ بە پڕۆژەیاساکە بدرێت.
خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق کراوە و ئەوەی ماوەتەوە دەنگدانە لەسەر پڕۆژەیاساکە لە دانیشتنێکدا. ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی تەممووزی 2023، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەوڵ دەدەین بەمزووانە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخەینە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقەوە".
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری عێراق بە رووداوی گوت، پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە خراوەتە بەرنامەی ئەم وەرزەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رۆژی دەنگدان لەسەری دیاری نەکراوە.
هەرلەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە، کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ بەڕێز جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر هێڵێن؛ هیوامان هەیە ئەم هەفتەیە دەنگی لەسەر بدرێت".
رۆژی 9ـی تەممووزی 2023، محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق نەخشەی کۆتایی سنووری کارگێڕیی قەزا و ناحیەکانی پارێزگای هەڵەبجەی پەسند کرد. رۆژی دواتر عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەدوای پەسندکردنی نەخشەی کۆتایی یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای هەڵەبجە، نەخشەکە رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت بە مەبەستی تەواوکردنی رێکار و پێویستییەکان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونەکە."
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە كە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13-03-2023 پەسندکرا.
پارێزگای هەڵەبجە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان. بەگوێرەی ئاماری پارێزگاری هەڵەبجە بۆ رووداو، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە لەنێوان 126 بۆ 130 هەزار کەسدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ