رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 42 ساڵ بەسەر جینۆسایدی بارزانییەکان تێدەپەڕێت، کە لەلایەن دەسەڵاتی پێشووتری بەعسی عێراقەوە زیاتر لە 8 هەزار کەسیان بێ جیاوازیی رەگەز و تەمەن بێسەروشوێن و کۆمەڵکوژ کران.
جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ لە کۆتایی مانگی تەمموزدا دەستیپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی ئابی 1983، 8 ههزار مێرمنداڵ، گهنج، پياو و پيرى بارزانى كه بێسەروشوێن کران.
هێمن حەسیب، چالاکڤانی داکۆکیکار لە کەسوکاری ئەنفالکراوان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا رووفاتی 696 رووفاتی جینۆسایدکراوانی بارزان گەڕێندراونەتەوە زێدی خۆیان".
دوای جینۆسایدی بارزانییەکان، رژێمی ئەوکاتەی عێراق لە باشووری کوردستان هەڵمەتێکی فراوانتری جینۆسایدی کوردی دەستپێکرد، کە بە ئەنفال ناسراوە و بە لە 8 قۆناخ پێکدێت.
لە ئەنفال و جینۆسایدکردنی گەلی کورد دا، نزیکەی 190 هەزار هاونیشتمانی کۆمەڵکوژ، بێسەروشوێن و بە زیندوویی لە چاڵنران.
بە گوتەی هێمن حەسیب، تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا رووفاتی 2441 هاونیشتمانی گەڕێندراونەتەوە کوردستان.
ئەو رووفاتانەی لە پڕۆسەی ئەنفال و جینۆسایدکردنی کورد دا تەرمەکانیان لە بیابانەکانی عێراقەوە تاوەکو ئەمڕۆ گەڕێندراونەتەوە لەم ناوچانە بەخاکسپێردراون:
چەمچەماڵ: 1010 رووفات
بادینان: 696 رووفات (بارزانییەکان)
گەرمیان: 399 رووفات
دووکان: 256 رووفات
تۆپزاوە: 80 رووفات
تاوانی ئەنفال لەلایەن هەریەکە لە عێراق، بەریتانیا، سوێد، نەرویج و کۆریای باشوورەوە بە جینۆساید ناسراوە. توێژەران و سیاسەتمەداران پێیانوایە، دەکرێت کاری زیاتر بکرێت بۆئەوەی ژمارەیەکی زیاتر وڵات وەکو جینۆساید دان بە تاوانەکەدا بنێن.
پەرلەمانی عێراق لە 14ی نیسانی ساڵی 2008دا، ئەنفالی وەکو جینۆساید ناساند. ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی سەدامیش کە دەستیان لەو تاوانانەدا هەبووە، لە سێدارەدراون، لەوانەش عەلی حەسەن مەجید لە ساڵی 2010.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ