هاونیشتمانییەک لەسەر شەقامێکی ئەسینا گیانی لەدەستدا

31-07-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک کە بەهۆی تێکچوونی بارەی دەروونی لە شەقامەکانی پایتەختی یۆنان دەژیا، ئەمڕۆ لەسەر شەقامێکی ئەسینا گیانی لەدەستدا.
 
یاد وشیار قادر، لە دایکبووی 1986 و لای کوردانی یۆنان بە "یادە یان پەپوولەکەی ئەسینا" ناسراوە، خەڵکی شاری سلێمانی بوو، بەڵام لە کۆتایی ساڵانی نەودەکان بە خێزانی روویانکردووەتە ئەڵمانیا.
 
26ـی ئەم مانگە، رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە ئەسینای پایتەختی یۆنان سەردانی "یاد"ی کرد و لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا ئەو هاونیشتمانییە بە چالاکڤانەکە دەڵێت: "پارەم نییە و خەریکە دەمرم؛ دەرمانم دەوێ، ناشتوانم بڕۆمەوە بۆ کوردستان".
 
لە ڤیدیۆکەدا ئەو گەنجە بە زمانێکی شێواو و دەنگێکی نووساوە و بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکات، چونکە لە رابردوو لەو وڵاتە ژیاوە، بەڵام چەند ساڵێکە لە ئەسینا دەژی و مافی پەنابەریی لەو وڵاتەش وەرگرتووە.
 
رەنج پشدەری ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یاد ئەمڕۆ کاژێر 10:30 بە کاتی ئەسینا لەسەر شەقام گیانی لەدەستداوە".
 
ئەو گەنجە نەخۆشیی گورچیلەی هەبووە. رەنج پشدەری دەڵێت: "یادە هەردوو گورچیلەی ئاوسابوون و پێویستیی خێرای بە چارەسەر هەبوو". پشدەری دەڵێت: "زۆر هەڵمدا بگەڕێندرێتەوە بۆ کوردستان، بەڵام بەداخەوە هیچ کەسێک بەدەم داواکەمەوە نەهات و ئەمڕۆش بەهۆی لەکارکەوتنی گورچیلەکانی، گیانی لەدەستداوە".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە