رووداو دیجیتاڵ
فیرقەی 11ـی سوپای عێراق لە کەرکووک سکاڵای لە دژی 18 هاونیشتمانی کوردی گوندی تۆپزاوا لە کەرکووک تۆمار کردووە، بە بیانووی ئەوەی زێدەڕۆییان کردووەتە سەر ئەو زەوییانەی گوایە موڵکی وەزارەتی بەرگرین. یەکێک لەو هاونیشتمانییانە سزای 6 مانگ بەندکردنی بۆ دەرچووە.
رۆژی 28ـی تەممووزی 2025، دادگای کەتنی کەرکووک، سزای 6 مانگ بەندکردنی بەسەر ئیبراهیم تۆپزاواویدا سەپاند، لەگەڵ راگرتنی جێبەجێکردنەکەیدا. ئەمەش دوای ئەو سکاڵایەی کە فیرقەی 11ـی سوپای عێراق لە دژی تۆماری کردبوو، بە تۆمەتی دروستکردنی خانوویەک لەسەر زەوییەک گوایە موڵکی وەزارەتی بەرگرییە، لە کاتێکدا ئەو زەوییە پێشتر موڵکی ئەو هاونیشتمانییە بووە و لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعسدا لێی زەوتکرابوو.
تۆپزاوا گوندێکی کوردنشینی سنووری پارێزگای کەرکووکە و یەکێک بووە لەو ناوچانەی کە بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتى پێشووى عێراق، تەعریب کرا.
ئیبراهیم تۆپزاوایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت, "یەکەم دانیشتنی دادگاییەکەم بە کەفالەتی سێ ملیۆن دینار ئازاد کرام، بەڵام لە دانیشتنی کۆتاییدا دادوەر بڕیاری 6 مانگ بەندکردن و راگرتنی جێبەجێکردنی سزاکەی دا، بەهۆی ئەوەی پێشینەی تاوانکاریم نییە و تەمەنیشم بۆ ئەو جۆرە سزایە گونجاو نییە."
جگە لە ئیبراهیم، فیرقەکە سکاڵای لەسەر 17 جووتیار و هاونیشتمانیی دیکەش تۆمار کردووە، کە گوایە زێدەڕۆییان لەسەر پێنج پارچە زەوی تۆمارکردووە، کە وەزارەتی بەرگریی بە موڵکی خۆیانی دەزانێت.
ساتع ناسح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا، بە رووداوی گوت، "ئەو 17 کەسەی دیکە، کە 13ـیان جووتیارن، لەلایەن بنکەی پۆلیسەوە لەسەر هەمان دۆسیە بانگهێشتکراون، بەڵام دادگا تاوەکو ئێستا تەنیا یەک دۆسیەی یەکلایی کردووەتەوە."
سکاڵاکان لە ساڵی 2024 تۆمارکراون و تێیدا هاتووە، کە ئەو سنوورەی هاونیشتمانییان خانوویان تێدا دروستکردووە، دەکرێتە سەربازگەیەکی سوپا.
ساتع ناسح گوتیشی، "ئەو خانووانە ماوەی 18 ساڵە دروستکراون و رووبەری ئەو زەوییانەی کێشەیان لەسەرە، نزیکەی 60 دۆنمە."
ئەو زەوییانە بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی بەعس لە هاونیشتمانییە کوردەکان زەوتکراون و کراونەتە موڵکی وەزارەتی بەرگریی عێراق.
سەباح حەبیب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو زەوییانە بە یاسای گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ و هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش پێویست بوو بگەڕینرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان، کە لە پەرلەمان دەرچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێنماییەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرنەکراوە."
رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسایەکی پەسند کرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو موڵک و ماڵانەی کە بەگوێرەی ژمارەیەک بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەستیان بەسەردا گیرابوو، بەڵام جێبەجێکردنی یاساکە چاوەڕێی دەرکردنی رێنماییە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە.
عەبدوڵا میروەریس، سەرۆکى لیژنەى کشتووکاڵ لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە رووداوى راگەیاند، ئەو بڕیارەى دادگە بۆ سزادانى هاونیشتمانییەکەى کەرکووک پێشهاتێکى "مەترسیدارى" یاسایی دەبێت بۆ یەکلاکردنەوەى سکاڵاکانى دیکە کە لەسەر هەمان بنەماى بڕیارى پێشوو، بەوپێیەى یاسایى گەڕانەوەى موڵک و ماڵ نەچووەتە بوارى جێبەجێکردن .
بەگوتەى سەرۆکى لیژنەى کشتوکاڵى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، لیژنەى تایبەت بە رێنماییەکانى جێبەجێکردنى ئەو یاسایە کارەکانیان تەواو کردووە و چاوەڕێى رەزامەندى سەرۆکوەزیرانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ