مەسرور بارزانی لە ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان: پێویستە بەغدا قەرەبووی قوربانییانی دەستی رژێمی پێشوو بکاتەوە

31-07-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، "پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئەرکی یاسایی و بەرپرسیاریێتیی دەستووریی خۆی بەرامبەر بە قوربانییانی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان و هەموو قوربانییانی دەستی رژێمی پێشوو جێبەجێ بکات."
 
رۆژی پێنجشەممە، 31-07-2025، لە 42ـەمین ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، یادی قوربانییانی کۆمەڵکوژی و تاوانێکی دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە، کە شاڵاوەکانی ئەنفالی هەموو کوردستانی بەدوادا هات."
 
سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە حکومەتی فیدراڵی عێراق نابێت چیتر مافی قوربانییان پشتگوێ بخات و ئەرکی دەستووریی خۆی لە قەرەبووکردنەوەیان جێبەجێ بکات.
 
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، دەڤەری بارزان لە ماوەی سەت ساڵی رابردوودا چەندین جار رووبەڕووی هێرش و وێرانکاری بووەتەوە، بەڵام "هەمیشە خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی ئەم دەڤەرە و کوردستان بەگشتی، بەشێوەیەکی قارەمانانە و لەخۆبردووانە، بەرگرییان لە کوردستان کردووە و خۆڕاگرانە، دوژمنان و نەیارانی کوردستانیان تێکشکاندووە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە: "خەڵکی نیشتمانپەروەری كوردستان، هەرگیز ئەم تاوانانەیان لەبیر ناچێتەوە و دەبێت نەوە لەدوای نەوە، بزانن کە گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتەکانییەوە، قوربانییەکی زۆری لەپێناو پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و مافە ڕەواکانی داوە."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی سڵاوی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی جێنۆسایدی بارزانییەکان و گشت شەهیدانی کوردستان نارد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەسەر تەختە رەشێک نووسراوە "کورد، کوردی، کوردستان". وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی: زازاکی لە مەترسیدایە

رەمزیە ئاڵپارسلان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە باکووری کوردستان هۆشدارییەکی تووند لەبارەی زمانی کوردی لەو پارچەیەی کوردستان دەدات و دەڵێ: "تاوەکو زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان نەچێتە نێو سیستمی پەروەردەوە، رزگاری نابێت."