رووداو دیجیتاڵ
عەجاج تكریتی، جەللادەکەی نوگرە سەلمان لە سەردەمی شاڵاوەکانی ئەنفال دژی خەڵکی باشووری کوردستان، دەستگیرکرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نوسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عێراق رایگەیاند، تاوانبارێكی شاڵاوەكانی ئەنفال بە ناوی عەجاج ئەحمەد حەردان دەستگیركراوە.
عەجاج، ناوی تەواوی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتییە، خەڵکی شاری تکریتی ناوەندی پارێزگای سەلاحەدینە و لە عەشیرەتی ئەلبوناسر و هۆزی نزارە، واتە عەشیرەتەکەی سەدام حوسێن.
بەڵگەفیلمێک لەبارەی جەللادەکەی نوگرە سەلمان ببینن
عەجاج و تاوانەکانی لە بەدواداچوونی ساڵی 2017ی رووداودا
ساڵی 1988، لە هەڵمەتێكی سەربازیی گەورە و پلان بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعسدا، بە هەشت قۆناخ پرۆسەی ئەنفالی كورد دەستیپێكرد.
بەپێی گێڕانەوەی ئەوانەی لەو پرۆسەی پاكتاوە رزگاریان بووە، سەرجەم ئەوانەی كە لە ئەنفالدا دەستگیركران، لە قۆناخی دواتردا لە یەكدی جیاكراونەتەوە، گەنجەكان لەلایەك و ئافرەت و منداڵ و پیر و بەتەمەنەكانیش لەلایەكی دیكە. گەنجەكان بە پاس بەرەو چاڵەكانی مەرگ رەوانە كراون، ئەوانی دیكەش بەرەو زیندانی ترسناكی نوگرە سەلمان لە باشووری عێراق لەسەر سنووری عێراق و سعودیە گواستراونەتەوە.
ئەو هەزاران ئەنفالدیدەیەی لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەر بوون، رۆژانە لەلایەن جەللادێكەوە ئەشكەنجە دەدران كە دۆزەخی زیندانی نوگرە سەلمانی تاڵتر و بەسوێتر كردبوو. ئەو جەللادە ناوی عەجاج تكریتی بوو كە لەسەر زمانی ئەنفالدیدەكانەوە بە حەجاج ناوی دەبرێ و سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرە سەلمان بووە، وێنەی ئەو جەللادە تەنیا لە نێو یادەوەریی ئەنفالدیدەكاندا هەیە، بەڵام رووداو لەو بەدواداچوونەیدا هەوڵیدا تاكە فۆتۆی ئەو جەللادە بدۆزێتەوە كە بە سەدان كەس بەرگەی كێبڵەكانی ئەویان نەگرت و هەر لە نوگرە سەلمان گیانیان سپارد.
دۆزینەوەی وێنەکانی عەجاج
لەكاتی ئەو بەدواداچوونەکەدا، لە بەسرە بە رێكەوت زانیاری ئەوە لە چەند كەسێك وەرگیرا كە عەجاج تكریتی دوو وێنەی لای كەسێك هەیە.
بەپێی قسەی سەرچاوەیەکی رووداو، ئەو كەسە خزمی یەكێك لەوانەیە كە لەگەڵ عەجاج لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو پێكەوە لە یەكێك لە سەربازگەكانی رژێمی بەعسدا سەرقاڵی راهێنانی سەربازی بوون.
تیمەکەی رووداو، لە یەكێك لە كافێكانی شاری بەسرە ئەبو عەدنانیان بینی، ئەو كەسەی وێنەکانی لایە. لەبارەی چۆنێتی دەسكەوتنی وێنەکانەوە گوتی "لە رێگەی ناسیاوێكمەوە لە بەغدا كە كاتی خۆی لەگەڵ عەجاج راهێنانی سەربازییان كردووە، وێنەکانم دەستكەوت."
دوو وێنەی رەشوسپین كە پێدەچێ لە سەرەتای ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا گیرابن. لەسەر مێزی كافێكە لە شاری بەسرە دانرابوون.
لە وێنەی یەكەمدا ئەو كەسەی کە گوتیان عەجاجە، كەسێكی كەڵەگەتی سمێڵ فشە كە دەموچاوێكی پانی هەیە و مارێك بە زیندوویی دەخوات، لەگەڵ چەند كەسێكی دیكەدا كە دەمیان سوورە بە خوێنی مار، وا دەردەكەون سەرقاڵی راهێنانی سەربازین.
لە وێنەی دووەمیشدا كەروێشكێك بە زیندوویی كەوڵ دەكات. "لە چاوانی عەجاجدا دڕندەیی و دڵڕەقی دەبینرێ."
چوون بۆ نوگرە سەلمان
نێردراوەکەی رووداو لە ساڵی 2017 بۆ باشووری عێراق، لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا گوتی: "هێشتا ناتوانم بیسەلمێنم ئەم وێنەیە خودی عەجاج تكریتییە، دەگەڕێمەوە شاری سلێمانی و دەچمە لای عومەر محەممەد كە ساڵانێكی درێژە سەرقاڵی توێژینەوە و دۆكیۆمێنتكردنی رووداوەكانی ئەنفالە. وێنەیەكی خەمڵێنراوی عەجاجی لە خەیاڵدایە، شێوە و سیمای لە وەسفی ئەو ئەنفالدیدانەوە وەرگرتووە كە عەجاجیان بینیوە."
عومەر محەممەد كە وێنەكانی بینی، گوتی "ناتوانم بڵێم ئەمە سەد لە سەد عەجاج تكریتییە، بەڵام بەپێی ئەو وەسفانەی كە شایەتحاڵەكانی ئەنفال بۆیان باسكردووم، هەر كە وێنەكەم بینی وام هەست نەكرد كەسێكی غەریب دەبینم."
نێردراوکەی رووداو گوتی: هێشتا پێویستم بە گەڕانی زیاتربوو. دەبوو بچمە شارۆچكەی سەلمان، دروستتر بۆ نێو زیندانەكەی نوگرە سەلمان. هەم بۆ ساخكردنەوەی شوناسی وێنەكە و هەم بۆ بینین و ئەزموونكردنی ئەو ئازارانەی كە ئەنفالدیدەكان لەوێ چەشتوویانە. شارۆچكەی سەلمان نزیكەی سێ كاژێر لە سەماوەوە دوورە، لەوێ پێیانگوتین بەبێ مەفرەزەی پۆلیس ناتوانین ئەو رێگایە ببڕین، چونكە نوگرە سەلمان شوێنێكی چەپەك و دوورە دەستە.
"بە بیابانێكی وشك و كاكی بە كاكیدا تێپەڕین، بە درێژایی سێ كاژێر هیچ ئاوەدانییەكمان نەبینی. كاتێك لە قەزای سەلمان تێدەپەڕی، بە بەرزاییەكەوە پاشماوەی زیندانی نوگرە سەلمان دەبینی. دەگەینە نێو زیندانەكە. 37 ساڵ لەمەوبەر نێو حەوشە و هۆڵ و راڕەوەكانی زیندانەكە جمەی دەهات لەو كوردانەی لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا دەستگیركرابوون. ئێستاش هەست بەو ئازار و ناڵە و حەسرەتانە دەكەی كە بە دیوار و عەردی بەندیخانەكەوە وا هەست دەكەی بەجێماون. ئەوەشی ئەم زیندانەی ترسناكتر و بەسوێتر كردبوو رەفتارە دڵڕەق و توندەكانی عەجاج و دارودەستەكەی بوو."
چۆن دەرکەوت وێنەکە خودی عەجاجە؟
لەنێو یەكێك لە هۆڵی زیندانەكەدا ئێستاش شوێنەواری ئەو نووسینانە ماوە كە بە كوردی لەسەریان هەڵكۆڵدراوە، نێردراوەکەی رووداو عەزاب شمەری بینی؛ كە دانیشتووی شارۆچكەی سەلمانە و دەڵێ خۆی عەجاجی لە نزیكەوە بینیوە، ئەو دەمەی عەجاجی بینیوە تەمەنی 10 ساڵان بووە، بەهۆی دەستگێڕی و شت فرۆشتنەوە زیاتر لە جارێك عەجاجی بینیوە. عەزاب گوتی "منداڵ بووین لە حیللەوە خواردنەوەی گازیمان دەهێنا بۆ ئێرە. عەجاج و زیندانییەكانیشم زیاتر لە چەند جارێك بینیوە، زیندانییەكان كورد بوون".
"كاتێك وێنەكەمان پیشانی عەزاب دا، یەكسەر پەنجەی خستە سەر ئەو كەسەی كە لە وێنەكەدا پێمانگوترابوو عەجاج تكریتییە. عەزاب گوتی "ئەو سمێڵ فشە خۆیەتی عەجاجە، لاندكرۆزەرێكی سپی و سوپەرێكی مۆدیل 85ی سووری هەبوو".
هەڵەبجەییەکان عەجاجیان ناسییەوە
نێردراوەکەی رووداو گوتی، ساخكردنەوەی وێنەكە ئەستەمە ئەگەر قسەی ئەو كەسانە وەرنەگرین كە لە زیندانی نوگرە سەلمان بوون. ئەو گەرمیانییانەی لە نوگرە سەلمان بوون، زۆربەیان ئەو كەسە بە تەمەنانە بوون كە لە تۆپزاوا لە گەنجەكان جیاكرابوونەوە، بەڵام ئێستا ئەوانەی لە ژیاندا ماون یادەوەرییان كۆمەكی ئەوە ناكات عەجاج تكریتی بناسنەوە.
رەنگە باشترین كەس وێنەكانی ئەو جەللادە بناسنەوە، ئەو هەڵەبجەییانە بن كە لە دوای كیمیابارانی هەڵەبجە، ئاوارەی ئێران بوون و دواتر بەهۆی لێخۆشبوونێكی گشتیی رژێمی بەعسەوە گەڕانەوە و دواتر بۆ ماوەی چوار مانگ و 10 رۆژ لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەر بوون.
تیمەکەی رووداو، بۆ بەدواداچوون چووە هەڵەبجەی شەهید و لەوێ پێنج لەو شایەتحاڵانە بە ناوەکانی سەلمان، عومەر، محەممەد، عەلی و سدیق، ئەوانەی كە لە نوگرە سەلمان بوون و ئەوکات لە هەڕەتی لاوێتیدا بوون و هەر پێنجیشیان لە نزیكەوە عەجاجیان بینیوە قسەیان بۆ رووداو کرد.
هەموویان پێش ئەوەی وێنەكە ببینن وەسفێكی دروستی روخسار و سیمای عەجاج و رەفتارە بێبەزەییەكانی ئەویان كرد، وەسفەكان زۆر نزیك بوون لە كەسێتیی نێو وێنەكان.
كاتێكیش یەك یەك وێنەكانیان بینی، بەبێ ئەوەی ئاگاداری یەكدی بن، هەمان كەسی سمێڵ فش و دەموچاو پانیان دیاری كرد كە عەجاج تكریتییە.
ئەوان دڵنیا بوون لەوەی كە ئەو كەسەی ناو وێنەكە عەجاج تكریتیە، هەمان ئەو جەللادە دڵڕەقەی كە ئەشكەنجەی ئەنفالدیدەكانی داوە لە زیندانی نوگرە سەلمان.
نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوا لە زیندانیكراوان و كەسوكاری زیندانیكراوان و بێسەرشوێنبووەكان دەكات پەیوەندییان پێوە بكەن بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئەو "تاوانبارە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ